ئەوکاتەی لە خورماڵ بوین چی یان پێ دەوتین؟!.
ئەوکاتەی لە خورماڵ بوین چی یان پێ دەوتین؟!.
ڕوداوێکی راستەقینەی خۆم لە بەردەرکی سەرای شاری سلێمانی!.
دەزگای ڕاگەیاندنی عەلەمانی هەمیشە چەواشەکارە و، تەنها گەمژەکان باوەڕی پێ دەکەن!
بەڕاستی ئەم سەردەمە ئەوکاتەیە کە پێغەمبەری خوا(صلی الله علیە وسلم) فەرموویەتی سەبارەت بە نیشانەکانی قیامەت، کەوا ڕاستگۆ دەبێتە درۆزن و درۆزنیش دەبێتە ڕاستگۆ، دەستپاك دەبێتە خیانەت کارو، خیانەت کاریش دەبێتە دەست پاك!.
لێرەدا من نامەوێت بەدرێژی بچمە نێو باسی ئەو هەموو درۆو چەواشەکاریەی ڕاگەیاندنی عەلەمانی لەسەر ئیسلام و مسوڵمانان بڵاوی دەکاتەوە، تەنها ئەوە یادی برایان و خوشکان و خوێنەرانی بەڕێز دەخەمەوە کەوا لە ساڵی نەوەدەکاندا ، ئەوکاتەی بزوتنەوەی ئیسلامی دەسەڵات داربوو لە ناوچەی هەوارامان و شارەزوور، بەتایبەتی خورماڵ و هەڵەبجە!.
کاتێك دەگەڕامەوە بۆ سەردانی کەسوکار لە شاری سلێمانی چاکەت و پانتۆڵێکی جوانم لەبەردا بوو، قەدەری خوا بەلای بەردەرکی سەرادا تێپەڕبوم، گۆڤاری سیخورمەم بینی خەڵك دەوریان دابوو، لەوکاتەدا پیاوێك بەدەنگی بەرز هاواری کرد تۆ سەیری ئەم ئیسلامی یە توند ڕەوانە بکە بزانە چی لەخەڵك دەکەن لەو ناوچانەی کە دەسەڵاتیان بەسەریدا دەشکێت!.
منیش چومە پێشەوە وتم: چی لەخەڵك دەکەن خاڵە گیان؟.
وتی: وەڵا کاکە گیان ئەگەر تۆ بەم شێوەیە بڕۆیتە خورماڵ لەسەر نەبونی ڕیشەکەت ١٥ دینار غەرامەت دەکەن و، لەسەر ئەم چاکەت و پانتۆڵەشت ٢٥ دینار!.
منیش بەزەردەخەنەیەکەوە وتم: بەڕاست؟ باشە ئەوەندە توند ڕەون؟تا ئێستا من بەخۆم نەزانیوە؟، لەدڵی خۆمدا بۆ خۆشی وتم: تائێستا من ئاگام لەخۆم نەبوەو دیارە هەر لەزیادەدا ماوم!.
وتی: ئەرێ وەڵا کاکە گیان یاخوا کەس داوی نەکەوێتە دەستیان!.
منیش: سەیرێکی هەموو خەڵکەکەم کردو گۆڤارەکەم گرت بەدەستمەوەو، وتم: ئەگەر خۆم وەك گەنجێك نیشتە جێی شارۆچکەی خورماڵ نەبومایە ، دەم وت: ئەم درۆزانیەو بوختانانە هەمووی ڕاستن!.
بەڵام سوپاس بۆ خوا هەر ئێستا لەشارۆچکەی خورماڵەوە هاتوم و ، لەدواناوەندی ئەو شارۆچکەیەش دەخوێنم و چۆنیشم دەبینن هەر ئاوام لەوێ!.
کابرا لە شەرمەزاریدا سەری داخست و وتی: وەڵا باوکەکەم ئەم گۆڤارە خوێڕیانە هەموو ئیسلامیەکانیان لێکردوین بەدڕندەو پیاو خۆر ناهەقم مەگرە!.
منیش وتم: بەڵێ ڕاست دەفەرمویت خاڵە گیان ، بەبەردەوامی هەوڵی کوفر بۆ ناشرین کردنی مسوڵمانانی جیهانە بە قژ بژو دڕندەو پیاوکوژ، بەڵام خۆزگە ئێمەی کورد هێندە ساویلکەو خۆش باوەڕ نەبوینایەو، تێرمان بخواردایە لەم هەموو درۆیەی کە ئەم ڕاگەیاندنە عەلەمانیانە خەڵکی پێ چەواشە دەکەن، کە لە ئیسلامدا کەسی فاسق هەواڵی لێ وەرناگیرێت و دەبێت باوەڕ بەو کەسانە بکەین کە ڕاستگۆو دەستپاك و خاوەن ئیمان و شەرمن ، بۆ ئەوەی نەچینە ڕیزی ئەوکەسانەی کە بەدرۆزنترین کەس بناسرێین!.
وتی: کوڕم ئەوانە کێن؟ .
وتم: ئەوکەسانەیە کە هەواڵێك دەبیستن بەبێ بەدوادا چون یان گوێگرتن لە تەرەفی تۆمەت بار کراو ، باوەڕی پێ دەکەن و بڵاوی دەکەنەوە!.
نوسینی" ڕەنج شێخانی