به‌خێربێت بۆ ماڵپه‌ری بانگه‌وازی ئیسلام

چۆن دەزانیت کە شەخس پەرست یان کۆمەڵ پەرست نیت؟




چۆن دەزانیت کە شەخس پەرست یان کۆمەڵ پەرست نیت؟
نوسینی: ڕەنج شێخانی
لەڕۆژگاری ئەمڕۆماندا زۆر بە ئاسانی یەکێك لە نیشانەکانی دواڕۆژ بەچاوەکانی سەر دەبینرێت!، کە مسوڵمانان بونەتە چەندین کۆمەڵ و حیزب و گروپەوە بەوانەی بانگەشەی حیزب دەکەن و ئەوانەشی کە بونی حیزب بە ناشەرعی دەزانن و ئەوانەشی کە خۆیان بە بێ لایەن هەژمار دەکەن!.
کە بەداخەوە و هەر یەکێکیان خۆی بەکۆمەڵە ڕاستەکە دەزانێت و باقی کۆمەڵ و گروپەکانی تر بە گومڕاو سەر لێ شێواو دەزانێت!.
بۆ ئەوەی بزانیت کەوا ئایا تۆ بە ڕاستی بەدوای قورئان و سوننەت کەوتویت بە تێگەشتنی زانایانی پێشین یان تەنها وتەی باق و بریقەو وتەو کردارەکانت زۆر جیاوازن لە یەك و پێچەوانەی یەکن!.
بۆ ئەو مەبەستە دەبێت ڕەچاوی چەندین خاڵی گرنگ هەیە بیکەین تا نەبیتە دەمارگیر یان شەخس پەرست!.
١. خوێندن و فێربونی زانستی شەرعی لە هەموو بوارەکانی شەرعدا بەتایبەتی (بیرو باوەڕ، سیرە،فیقهی عیبادات و معامەلات،زاخاوی دەرون(تەزکیة النفس)،فکرو سیاسەی شەرعی،جوان خوێندنەوەی قورئان و تەفسیرە نایابەکەی،بەدوادا چون بۆ ئەو فەرموودانەی کەدەیان بیستین)!.
٢. داوا بکەین لەخوای گەورە بەرچاو ڕۆشنمان بکات و ڕێگای ڕاستی خۆیمان زیاتر پیشان بدات و ، لەسەرجەم هەڵەو کەم و کورتی زانایان و بانگخوازان و سەرکردە ئیسلامیەکان بەهۆشمان بێنێتەوەو کوێرانە شوێن هەڵەکانیان نەکەوین!.
٣. هەوڵ مەدە بەتەنها گوێبیستی وتارو وتەی کۆمەڵێك زاناو بانگخوازی سەر بەڕەوتێك یان کۆمەڵێك بیت، چونکە مەرج نیە ئەو زاناو بانگخوازانە یان ئەو سەرکردانە لە هەموو شتێکدا پێکابێتیان!، ئەوکاتە هەق و ناهەقت لێ تێکەڵ دەبێت و بەخۆتت نەزانیوە دەمارگیریت بۆ دروست بوە بەرامبەر بەوانەی کە گوێیان لێ دەگریت و ،بەهۆی نەخوێندنەوەو نەگەڕانت بە دوای زانستی شەرعیدا یان نەگەڕان بەدوای ئەو باسانەی کە جیاوازی ڕایان لەسەرە لە باسە فیقهیەکاندا ڕای بەرامبەرت پێ گومڕاو سەر لێ شێواویە!.
٤. پاراستنی برایەتی دینی لەگەڵ هەر مسوڵمانێكی ئەهلی سوننەو جەماعەدا دا کە سەر بە قوتابخانەو بیرو هزری تۆ نیە ، کە ئەمەش فەرمانی خواو پێغەمبەری خوای لەسەرە(صلی الله علیە وسلم)، بەداخەوە لە وتە دابڕین و هەڵپەساردنی برایەتی دینی دا ، هەندێك مسوڵمان تەنها پشت بە وتەی زانایان یان پیاوچاکان دەبەستن بە بێ ئەوەی بەڵگەیەكی شەرعی بۆ چەسپاندنی ئەو دابڕانە بهێننەوە، لەکاتێكدا وتەی زانایان پێویستە بەڵگەی بۆ بهێنرێتەوە نەك وەك بەڵگە باس بکرێت و کاری پێ بکرێت!.
٥. ئەوکاتانەی زانایەك یان بانگخوازێك یان سەرکردەیەك هەڵەیەك دەکات کە لە قوتابخانەیەکی ترەو جیاوازە لە بیرو بۆچونەکانی تۆ، بزانە چۆن هەڵەکەی گەورە دەکەیت و دەیکەیتە بنێشتە خۆشەو، بەبێ ئیقامە حوججەی نهێنی هەڵەکەی زەق دەکەیتەوەو ناشرینی دەکەیت!.
وە سەیری زاناو بانگخوازان و سەرکردەکەی خۆشت بکە لەوکاتانەی دەکەوێتە هەڵەوە بزانە چۆن بەپەلە دەکەویتە پینەو پەڕۆ بۆی و هەرچۆنێك بێت ماناگۆڕکێی بۆ دەکەیت و پشتگیریشی دەکەیت لەهەڵەکەیداو بۆشی دەشەرعێنیت!،جا بزانە هەرکات ئەوە ڕویدا ئەوە شەخس پەرستیت کردوە نەك خواپەرستی!.
٦. بەوردی بیر بکەوە لەو تەو کرداری زاناو بانگخوازان و سەرکردەکانت بزانە چەندێك خوای گەورە لە خۆیان ڕازی دەکەن بە لێدوان و وتارو وتەو کردارەکانیان!، وە چەندێکیش دەوروبەرەکەیان و بێباوەڕان و زاڵم و ستەم کارانیان لەخۆیان ڕازی کردوە؟.
٧. هەرکات ئەو باوەڕەت بۆ دروست بو کەوا ئەوی لەگەڵ تۆ بێت ئەوە لەسەر هەقەو ئەویشی پێچەوانەی ڕات بێت بێ لە لایەنی بیروباوەڕ کەوا بنبڕەو کەس ناتوانێت ئەم لاو لای لەسەر بکات،وریابە لەسەر ڕێگای باتڵ و ناهەقیت!، چونکە شوێن ناهەق و باتڵ کەوتویت و دەبێت تازوە فریای خۆت بکەویت و هەڵەکانت ڕاست بکەیتەوە،هەروەك ئیمامی شافیعی دەفەرمووێت: هەمیشە ئارەزوم کردوە هەق لەسەر زمانی بەرامبەرەکەم دەربکەوێت و بیبیستم!.
٨. ڕێز لە هەموو زاناو بانگخوازێك و سەرکردەیەکی سەر ڕاست و راستگۆ بگرە، ئەگەر چی لەهەندێك بابەتیشدا هەڵەیان کردبێت و نەیان پێکا بێت!، تۆ ئەوانەیان لێ وەرگرە کە پێکاویانە!،چونکە گەر وانەکەیت ئەوە دەبیتە دەروێش بەشێوەیەك هەق بە شێخەکەتدا نەبێت بەکەسی تردا ناناسیتەوە!.
کاتێك زانایەك یان بانگخوازێك یان سەرکردەیەكی مسوڵمان لەلایەن بێباوەڕان و ستەم کارانەوە ئازار دەدرێت و دەکوژرێت یان زیندانی دەکرێت و دەربەدەر دەکرێت ، بزانە تۆ چی هەڵوێستێکی ئیمانیت لادروست دەبێت لە نێوان زاناو بانگخوازان و سەرکردەکانی خۆت و بەرامبەردا؟!.
٩. هەرگیز قەداسەت و پیرۆزی مەدە بەهیچ کەسێك لەزانایان و بانگخوازان و سەرکردە ئیسلامیەکان بەشێوەیەك خۆشت لاڕێ بیت و ئەویش توشی فیتنەو لە خۆ بای بون بکەیت!.
١٠. لەسەروی هەموو هەنگاوێکیشتەوە ترسی خوات لەدڵدا بێت و بزانە کە ئەو ڕێگەی گرتوتە تا چەندێك ڕاستە؟ ،ئایا وتەو کردارەکانت چەندێکیان بۆ تای تەرازوی خێرەکەتەو؟، چەندێکیشیان بۆ تای تەرازوی شەڕەکانت بەڕێ دەکەیت؟!، وە بەهۆی وتەو کردارێکتەوە چەند فیتنەو دووبەرەکی و ئاژاوەت دروست کردوەو چەندێکیش ئەهلی چاکەو چاکسازی و سوڵح بویت لە نێوان مسوڵماناندا!.
هەڵبەتە ئەم باسە زۆر لەوە زیاتر هەڵدەگرێت بەڵام هێندە بەسە إن شاء الله کە کەمێك یادی خۆم و براو خوشکەکانم خستبێتەوە، داواکارم لەخوای گەورە لەهەڵەو کەم و کورتیەکانمان خۆش بببێت و زیاتر ڕێگای ڕاستمان بۆ ڕۆشن بکاتەوە!.

ده‌رباره‌ی نوسه‌ر

لێره‌ سه‌رجه‌م زانیارێكانی نوسه‌ر ده‌نوسرێت

زانیاری ده‌رباه‌ری بابه‌ته‌كه‌ Unknown : نوسه‌ر له‌ به‌رواری : الثلاثاء، 6 أكتوبر 2015
: خوێنه‌ران
كۆمێنته‌كان: 0 پێش به‌كارهێنانی یاساكانمان بخوێنه‌وه‌