به‌خێربێت بۆ ماڵپه‌ری بانگه‌وازی ئیسلام

خوا لەچی دروست بوەو لەچی ڕا پەیدا بوە؟ ئایا ئەگەر خودا ئێمەی دروست کردوە؟ ئەی کێ خودای دروست کردوە؟

نوسینی: باوکی ئەسماء

گفتو گۆی نێوان من و بەڕێزێك کە لەسەر هیچ ئاینێك نیەو پرسیارێكی هەستیار دەکات سەبارەت بە دروست بونی خوا لەچی و چۆن پەیدابوەو ئایا کێ خوای دروست کردوە؟

دوای وەڵامدانەوەی پرسیارەکە بە سێ بڕگە بەوپەڕی ڕێزەوە ئەو بەڕێزە وەڵامەکەی قبوڵ کردو، زۆر سوپاسی کردین لەسەر ئەو وەڵامەو، ئێمەش بەوپەڕی ڕێزو پێزانینەوە سوپاسی گوێگرتنیان دەکەین لێمان و منیش حەزدەکەم خۆتان گفتو گۆکەمان بخوێننەوەو، داواکاریشم لەمسوڵمانان جیاوازی بخەنە نێوان کەسانێك کەوا بەدوای ڕاستەقینەدا دەگەڕێت و کەسانێکیش کە دەیانەوێت بێ ڕێزی بکەن ، چونکە ئەم جۆرە پرسیارانە هەستیارن و هەموو کەسێکیش ناتوانێت وەڵام بداتەوە بە ئەقڵی خۆی گەر نەگەڕێتەوە سەر وەڵامی زانایان و پیاو چاکان لە کۆن و نوێدا، داواکارم لەخوای گەورە ئەم گفتو گۆیەی بۆ کردبێتم بە توێشوی دواڕۆژم و لەسەرجەم هەڵەو کەم و کورتیەکانم خۆش ببێت و ، وە ڕێگای ڕاستیش زیاتر پیشانی من و ئەو بەڕێزەش بدات کە پرسیارەکانی کردوەو، هەموو کەسێکیش کە باوەڕی بە ئاینەکان نییە ئاوەها بەدوای ڕاستەقینەدا بگەڕێت.


سەرەتای گفتو گۆ

خۆر هەڵات: سڵاو بابی ئەسما،پرسیارێکم هەیە تکایە ئەگەر بە ئەركی نازانی وەڵامم بدەیتەوە؟
خوا لەچی دروست بوەو لەچی ڕا پەیدا بوە؟ ئایا ئەگەر خودا ئێمەی دروست کردوە؟ ئەی کێ خودای دروست کردوە؟ تۆ بڵێی هەر ترس و ئەقڵی بەشەر نەبێ؟ زۆر سوپاست دەکەم ئەگەر جوابی ئەم پرسیارەم بدەیتەوە.

باوكى ئه سماء: سڵاو سەرچاوەکانم کاك خۆر هەڵاتی بەڕێز، دەستان خۆش بێت بۆ ناردنی پرسیارەکەتان بەڵام نەم زانی ئایا بەڕێزتان مسوڵمانن و باوەڕتان بەخوا هەیە یان جارێ لەشك و گوماندا دەژین و دەتانەوێت بەڵگەتان بۆ ڕون ببێتەوە، دواتر لەخزمەتدا دەبم بۆ ڕونکردنەوەی وەڵامەکان بەڕێزی من.

خۆر هەڵات: من بەبڕوای خۆم مرۆڤێکم لەو ٧ ملیارد مرۆڤەی سەر گۆی زەوی ، نە هیچم لەوان کەمترە ، نە هیچم لەوان زۆرترە!،مرۆڤم، وە ئەوە بەسە بۆ پێناسەکردنی خۆم.
بەڵام بۆ ئەوەی سەر لە بەڕێزتان نەشێوێنم ،نەخێر من هیچ ئاینێکم نی یەو لەپرسیارو لێکۆڵینەوەدام لەبارەی پەیدابونی ئاینەکان، زۆر سوپاس بۆ جەنابت.
زۆریش ئاسایی یە ئەگەر نەتوانی وەڵامی پرسیارەکەم بدەنەوە زۆر ئاسایی یە.

باوکی ئەسماء: زۆر سوپاس کاك خۆر هەڵات بۆ پێناسە کردنی خۆتان و منیش ئەو وەڵامەم پێویست بو بەڕاستی بۆ ئەوەی بچینە نێو باسەکانەوە بەشێوەیەکی زۆر ووریایانەو لەسەر خۆ! بۆ ئەوەی کەوا هەردوکمان لەیەك بگەین!، نەوەك لە وەڵامدانەوەدا توندی ڕوبدات ، چونکە گەر مسوڵمانێك ئەم پرسیارەی بکردایە ئەوا دەبوایە سەر لەنوێ باوەڕی بهێنایەتەوە بەخواو پێغەمبەرەکەی(صلی الله علیە وسلم) چونکە بەهۆی بیرکردنەوەی هەڵەوە سنوری خۆی دەبەزاند!، چونکە مادەم خۆی بەبەندەی خوا دەزانێت بۆی نییە پێ لەبەڕەی خۆی زیاتر ڕابکێشێت و مادەم کاتێك سەر بەرز دەکاتەوە تەواوی دەسەڵاتەکانی خوای گەورە دەبینێت و دەشزانێت زانست و تەکنەلۆجیا دەستە وەستانە لە ئاستی دروست کردنی مێرولەیەکدا، ئەوا لەجیاتی ئەوەی بەدوای ئەوەدا بگەڕایە کەوا کێ خوای دروست کردوە و یان لە چی پەیدا بوە، هەوڵی ئەوەی دەدا بە عەقڵێکی ژیرانە لەڕێگەی دەروازەکانی ناسینی خوای گەورە خۆی دەگەیاندە ڕادەی دڵنیایی تەواو، چونکە گەر کەسێك بەڕاستی ڕێگای ناسینی خوای گەورەی گرتە بەر نەشەیتان نەنەفسی سەرکەش بەرەو هەڵدێری نابات!، چونکە بەندە واتە عەبدی ئەو خوایەی کەوا زیندوی کردوین و ڕۆزیمان دەدات و دەشمان مرێنێت و جارێکی تریش زیندومان دەکاتەوە!. بەڵام بۆ وەڵامدانەوەی کەسێك کە باوەڕی بەبونی خوای گەورە نەبێت وەك بەڕێزت، دەبێت وەڵامێکی مەنتیقیانەو ژیرانەت بدرێتەوە، چونکە گەر من چەندێك ئایەت یان فەرمودەت بۆ باس بکەم تۆ باوەڕی پێناکەیت، لەبەر ئەوەی هێشتا باوەڕت نییە بە دروستکاری سەرجەم دروستکراوان!. وە کێشەی ئێمە لەسەر ئەوە نی یە کە بەڕێزتان جیاوازیتان هەبێت لەگەڵ مرۆڤەکانی تری گۆی زەویدا یان نا؟کێشەی ئێمە لەوێوە سەرچاوە دەگرێت کە نەشارەزاین لە ئاینی پیرۆزی ئیسلام و بەپێی ئەقڵی کورتی خۆمان لێکۆڵینەوە ئەنجام دەدەین و دواتر بڕیاری خێرای هەڵەش زوو دەدەین و دەشبێت زوش پەشیمان ببینەوە ، وەك یەکێك لە گەورە فەیلەسوفەکانی یۆنان کەوا ناوەکەیم بیر نەماوە بەڵام شێخ ئەبو جەعفەری رازی باسی لێوە دەکات و دەفەرمووێت: لە کۆتایی تەمەنیدا وتی من گەورە فەیلەسوفێك بوم و زۆرێك لەخەڵکی بەپەرۆشەوە بەدوای نوسین و بابەتەکانمدا وێڵن!، بەڵام وا مەرگ یەخەی گرتم و نەمزانی بۆچی دروست کراوم و سەرەنجامیشم بۆ کوێ دەگەڕێمەوە!

ئەوجا دێینە سەر وەلامی بەڕێزت، سەرەتا سوپاس بۆ خوا کە پرسیارەکە زۆر قورس نییە تا توانای وەڵامدانەومان نەبێت ، بەڕێزتان دەڵێن: (خوا لەچی دروست بوەو لەچی ڕا پەیدا بوە؟ ئایا ئەگەر خودا ئێمەی دروست کردوە؟ ئەی کێ خودای دروست کردوە؟ تۆ بڵێی هەر ترس و ئەقڵی بەشەر نەبێ؟).
پرسیارەکەتان چەند بڕگەیەکەو بەخاڵ وەڵامتان دەدەمەوە بەویسی ئەو خوایەی کە هێشتا تۆ باوەڕت پێی نییەو لەگوماندا دەژیت بەرامبەری!.
١. خوا لەچی دروست بووە؟ جارێ دەبێت ئەوە بزانین کەوا خوای گەورە دروستکارە نەك دروستکراو، چونکە لەڕوی ئەقڵ و مەنتیقیشەوە و بەڵگەکانی ژیانیش ئەوەمان بۆ دەسەلمێنێت کەوا هەموو دروستکراوێك دەبێت لەناو بچێت و تاسەر نامێنێتەوە بۆ هەمیشە،وە ئەگەر هەموو شتێکیش دروستکەری هەبێت ئەوا دەبێت دروستکارێك لەسەروی هەموو دروستکراوەکانەوە بێت کەوا هەرگیز کۆتایی بەسەر نەیەت و دروستکار بێت نەك خۆشی دروستکراو، پاکی و بێگەردی بۆ خوای گەورە کە لەهیچ شتێکدا لە دروستکراوەکانی ناچێت، تا وابیر بکەینەوە دەبێت بۆ خۆشی دروست کراو بێت! چونکە گەر ئێستا من بەتۆ بڵێم: العیاذ بالله خوا فڵان دروستی کرد!، دواتر دێیتە سەر پرسیارێکی ترو دەڵێیت: ئەی کێ ئەوی دروست کرد؟ کەوابو ئەمە بەردەوام دەبێت و کۆتایی پێ نایەت و بەڕێزیشت ناگەیتە وەڵامی ڕاستەقینەی خۆتان!.
گەر تۆ گومانیشت هەیە لە دروستکاری خوا بۆ دروستکراوەکانی کەوا شتێکی بنبڕەو کۆتایی پێ هاتووە،ئەوا دەبێت ئەوجا ئێمە پرسیار بکەین لە تۆ ئایا دەکرێت هەموو دروستکراوێك دروستکارێك لەپشتیەوە هەبێت؟ ئەگەر بڵێی بەڵی؟ ئەوا فەرموو کەسێکمان بۆ بهێنە کەوا توانای دروستکردنی مێرولەیەك یان گیاندارێکی بچوکی هەبێت؟.
یان کەسێك وتبێتی فڵان گیاندار من دروستم کردوە!، ئەوجا ئێمەش وەڵامی خۆمان دەبێت!.

ئەگەر بشڵێی نەخێر دەکرێت هەندێك شت هەبێت سوتفەو لە خۆوە دروست بوبێت؟ ئەوا ئێمەش دەڵێین : ئەی ئەو سوتفەو لەخۆوە کێ دروستی کردوە؟

٢. لەچی ڕا خوا پەیدا بوە؟ بۆ ئەم بڕگەیەشیان دەڵێین: خوای گەورە هەربوەو هیچ شتێك لەپێش ئەودا نەبوە، وە وەك ئیشارەمان پێدا خوا دروستکراو نی یە تاوەکو بڵێین: لەچی پەیدابوە، بەڵکو دروستکارەو سەرەتای بێ کۆتایی یە!، چونکە ئەوە سیفەتی دروستکراوانە کەوا سەرەتا لەشتێك پەیدا دەبن و ، دواتر کاتیان بەسەر دەچێت و لەناو دەچن!.

٣. ئەی کێ خوای دروست کردوە؟ بۆ ئەمەشیان دیارە لە وەڵامی یەکەم پرسیاردا ، ئاماژەیەکی کورتمان پێداوە، کەوا گەر ئێستا من بەتۆ بڵێم: العیاذ بالله خوا فڵان دروستی کرد دواتر دێیتە سەر پرسیارێکی ترو دەڵێیت ئەی کێ ئەوی دروست کرد؟.
کەوابو ئەمە بەردەوام دەبێت و کۆتایی پێ نایەت و بەڕێزیشت ناگەیتە وەڵامی ڕاستەقینەی خۆتان!. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەبێت بزانین کەوا جیاوازیەکی زۆر هەیە لەنێوانی دروستکارو دروستکەردا!، پاکی و بێگەردی بۆ خوا ،بۆ نمونە وەستایەکمان هەیە دارتاشەو دەرگا دروست دەکات ئایا دەکرێت بڵێین: سیفەتی وەستاو دەرگاکە وەك یەکە؟ لەکاتێکدا دەرگا تەختەو بزمارو دەسکو کلیلی پێوەیەو بێ گیانە، وەستاکەش دەخواو دەخەوێت و جوڵە دەکات!.
دروستبونی ئەم بیرو باوەڕەش لە تێڕوانینی تاکەوە بۆ دەوروبەر دروست دەبێت و کاردەکاتە سەر ئەقڵی مرۆڤ و بەپێی دیدو بۆچونی خۆی قسە لەسەر ئەوباسانە دەکات، چونکە بۆ نمونە گەر تۆ کاتێك ببیستی خوا سیفەتی بەخشندەیی تێدایە، گەر نەگەڕێیتەوە سەر پەیامی خوا، ئەوا لەدیدی خۆتدا بەخشندەیی نێو خەڵكی دێتە پێش چاوت و ئاوەهاش سەیری خوا دەکەیت العیاذ بالله!، لەکاتێکدا هیچ سیفەتێکی مرۆڤ بەراورد ناکرێت بەسیفەتی خوای گەورە!.
لەبەر ئەوە دەبێت ئێمە بزانین سەرەتای ئەم گومانە لەکوێوە دەست پێدەکات؟ ئەگەر لە ئەقڵەوە سەرچاوەی گرتوە ئەوا دەمانەوێت ئەقڵمان پیشان بدرێت و ئێمەش بپرسین ئەی ئەقڵ لەچی دروست بوەو؟ ،لەچی را پەیدا بوەو؟،کێ دروستی کرد؟.
ئەگەریش لە دیدو تێڕوانین و کاریگەری فەلسەفەو دەوروبەرە ئەوا دەبێت بڵێین : ئەو تێڕوانینە هەڵەیەو پێویستە بۆ گەشتن بە ئامانجی ڕاستەقینە لەسەرچاوەی نیگای خوای گەورەوە کە قورئانی پیرۆزەو کەلامی خوای گەورەیە سەرجەم ئەو وەڵامانە وەرگرین و لەگومان و دوودڵی و ماندوو بون ڕزگارمان بێت، تاوەکو دواتر وەك نمونەی ئەو فەیلەسوفەو دەیانی وامان بەسەر نەیەت کەوا لەڕێی هەوڵی کورتی خۆیەوە بەدوای خوادا گەڕاو سەرەنجامیش کەسیان بەهیچ ناگەن و مردن ئێخەیان پێدەگرێت، چونکە گەر نیگای خوایی گەورەیان بخوێندایەتەوە ئەوا دەیان زانی بۆ پەرستینی خوای گەورە دروستکراون و سەرەنجامیش دەگەڕێنەوە بۆ لای خوای گەورە!.
لەگەڵ ئەوپەڕی ڕێزم بۆتان چونکە زۆر بەڕێزەوە پرسیاری خۆتان کردو هیوادارم بەدوای ڕاستیەکاندا بگەڕێیت، بەس بە ئەقڵی خۆت یان کەسانێکی تر نا ، بەڵکو لەڕوانگەی قورئان کە کەلامی خوای گەورەیەو فەرموودە شیرینەکانی پێغەمبەرەکەیەوەو ڕونکردنەوەی لەلایەن کەسانی ئەهلی عیلمی هەڵگرانی خاوەنی پەیامی خوا کە کەس ناتوانێت تەنها ووشەیەکیشی بگۆڕێت!یان دەستکاری بکات!.
نەك کەسانێك کەوا ناشزانن قورئان بخوێننەوەو دێن ئەوان باس لە ڕەخنە گرتنی قورئان دەکەن!.

خۆرهەڵات: بەڕاستی زۆر زۆر سوپاسی بەڕێزتان دەکەم کە کاتی خۆتان بۆ من تەرخان کرد، بە دڵنییاییەوە وەڵامێکی پڕ لە ڕامان و بەسود بو بۆ من، هیوادارم بتوانم بە ڕادەی پێویست کەڵکی لێ وەرگرم.
جارێکی تریش سوپاس بۆ ئێوەی بەڕێزو و بە هیوای سەرکەوتن.

باوكى ئه سماء: منیش لەخزمەتی بەڕێزتاندام و داواکارم لەخوای گەورە زیاتر ڕێنماییمان بکات بۆ دۆزینەوەی ڕێگای ڕاستەقینەی خۆی، وە منیش زۆر سوپاسی بەڕێزتان دەکەم کەوا زۆر بەڕێزەوە پرسیاری خۆتان کردو، ئەوپەڕی ڕێزی خۆتان نواند لەبەرامبەرمدا، دووبارە سوپاستان دەکەم.
تێبینی:
١.لەبەر ئەوەی ئەو بەڕێزە پرسیارەکانی بە لاتینی نوسی بو خۆم وەك خۆی کردمەوە بە نوسینی کوردی بێ دەستکاری.
٢. ناوی کەسەکەش و کۆمێنتەکانیشی پارێزراوە لام و حەزم نەکرد بڵاوی بکەمەوەو ئەم ناوەش خوازراوە، بۆ بەڕێزیان!.



ده‌رباره‌ی نوسه‌ر

لێره‌ سه‌رجه‌م زانیارێكانی نوسه‌ر ده‌نوسرێت

زانیاری ده‌رباه‌ری بابه‌ته‌كه‌ akam : نوسه‌ر له‌ به‌رواری : السبت، 3 أكتوبر 2015
: خوێنه‌ران
كۆمێنته‌كان: 0 پێش به‌كارهێنانی یاساكانمان بخوێنه‌وه‌