به‌خێربێت بۆ ماڵپه‌ری بانگه‌وازی ئیسلام

چیرۆك و یادگاریەکی من و ئەسپ





لەمانگی ٨ ی ساڵی ١٩٩٦ دا بو خوای گەورە لە کەمین و فیشەکی پاسداران ڕزگاری کردین!
چیرۆك و یادگاریەکی من و ئەسپ
نوسینی" ڕەنج شێخانی
ئەوەتەی نەوت هەیە لە وڵاتی عێراق و هەرێمی کوردستان ، خەڵکی ئەم وڵاتە خێریان لەخۆیان نەبینیوەو ، نەوتەکەش وەك مریشکی لێ هاتوەو، هێلکەکەی بۆ سەرکردە زاڵمە یەك لەدوای یەکەکانی ئەو وڵاتەبوەو، ڕیقنەو پاشە ڕۆکەشی بۆ خەڵکی هەژارو بێ دەرەتان بوە!.
ئەم نەوتە بوەتە بڵێسەیەکی ئاگر ، ناڕوات هەر زەرەری هەیەو دەش ڕوات هەر زەرەرە، خانەوادەی ئێمەش یەکێکن لەو خێزانانەی کە کاتێك نەوتەکە ڕۆی لە لە نیوەی نەوەدەکان دا ،سوپاسی خوای لەسەر دەکەین توشی زەرەرێکی زۆر هاتین و دوای ئەوەی سەرجەم سامانمان لەدەست دا، خانوەکەشمان لەجیاتی قەرز هەڵگیرایەوەو، خێزانێکی گەورە بێ دەرەتان بوین و بێ لەو هەموو قەرزەی کەوت بەسەرمان دا ، پارەی کرێشمان پێ هەڵ نەدەسوڕا!.
بەچاری ناچاری برا گەورەکانم ڕێگەی تارانیان گرتە بەر بۆ کرێکاری،لەم لاشەوە خاوەن قەرزیش تەواو هەراسانیان کردبوین،زۆربەی خزمان و دۆستانیش خۆیان دوورە پەرێز گرتبو لێمان و هەشیان بو کاتێك دەیزانی پێشتر هەبو بوین باوەڕیان پێ نەدەکردین کە توشی ئەو تاقی کردنەوەیە بوین!.
پاش ماوەیەك باوکی بەڕێزم گەڕایەوە بۆ کوردستان و،لەبەر ژیان سەختی ئێمەی ڕوانە کرد بۆ ماڵی خوشکێکم کە هاوسەری بەڕێزی مامۆستای ئاینی بو لە گوندێکی نزیك شاری(بۆکان)ی کوردستانی ڕۆژ هەڵات(ئێران) بەناوی گوندی(دارە گردەڵە).
پاش ئەوەی من وەك ڕێبەری دایكم و براو خوشکەکانم ڕۆشتم سوپاس بۆ خوا بەڕێ کەوتین بۆ شاری(پێنجوێن) و لەوێشەوە بە لاندگرۆزەر بەرەو مەرزی سنوری(سەیران بەن) بەڕێ کەوتین و لەوێشەوە بە هێسترو ئەسپ چوینە ناو گوندی(هەنەژاڵ) و (کێلێ) لەخاکی کوردستانی ڕۆژ هەڵات و ، سەر لە ئێوارە بە ڕێگەی سایپاو مینو بوس و جێب بە نێو شارەکانی(بانە)و (سەقز)و(بۆکان) گەشتینە گوندی(دارەگردەڵە).
پاش ماوەیەك برا گەورەکەم لە گوندی(چوانباخ) کە دەکەوتە شاری(مراغە)ی تورك نشین ، دەواجینێکی مریشك بەخێوکردنی بۆ پەیداکردین، بۆ ئەو مەبەستەش من و دایکی بەڕێزم گەڕاینەوە بەدوای باوکی بەڕێزم دا، چونکە ئەوکاتە وەك ئێستا پەیوەندی تەلەفونی نەبو تا هەواڵی پێ بدرێت و، باوک و دایکیشم شارەزای ڕێگە نەبون و من شارەزابوم و کەمێك زمانی فارسیش فێرببوم، بەڵام دایکی بەڕێزم ڕێگەی نەدا بەتەنها بگەڕێمەوە بەدوای باوکی بەڕێزم دا!.
نۆزدە ساڵ لەمەو پێش و لەم مانگەدا گەڕاینەوە بەدوای باوکی بەڕێزم دا شەڕی ناوخۆ بو لەنێوان یەکێتی و پارتی دا،لەکاتی گەڕانەوەمان دا بۆ کوردستانی ڕۆژ هەڵات(ئێران) نەمان زانی پارێزگاری ئەوکاتەی شاری(سلێمانی) کە سالار عەزیز بو گەر هەڵەنەبم بۆ ئەوەی کەس هەڵ نەیەت بۆ ئێران کە ئێمە تەنها لەبەر قەرزاری و بێ جێگەو ڕێگەی ئەو ڕێگەیەمان گرتە بەرو پەیوەندی بەو شەڕەوە نەبو چونکە سوپاس بۆ خوا نە یەکێتی بوین نەپارتیش!، هەواڵی دابو بە دەزگای هەواڵگری (ئێران) کەوا لە سنورەکانی ژێر دەسەڵاتی یەکێتی یەوە پێش مەرگەی دیموکرات دزە دەکەنە ناو خاکی(ئێران)ەوە بۆ چالاکی و(ئێران)یش لەترسی خۆی هەرچی هێزە خستبویە ئامادە باشی یەوە!.
ئەو ڕۆژە پێش نیوەڕ گەشتینە گوندی(سەیران بەن)ی سەر سنوری ، ئەسپێك و هێسترێکمان بەکرێ گرت بۆ ڕێگە لەبەر سەختی شاخی(کێلێ) و ، یەکیان بۆ من و باوکی بەڕێزم بو بەنۆرە سەردەکەوتین و یەکێکیشیان بۆ دایکی بەڕێزم ، بەڵام ئەوەی سەیر بو بەلامانەوە ڕێبوارو کاروان چیمان بەدی نەکرد وەك جاران کە هاتو چۆ بکەن،وە ڕێبەرەکانیش هەر خۆیان دوا دەخست و پێیان دەوتین با ئارام بگرین تا کاروانیەك لەو دیوەوە دێت بزانین ڕێگە چۆنە!؟، دواتر زانیمان کە باس نەکردنی هەواڵەکەو ڕێگە خراپی پیلانی ڕێبەرەکان خۆیەتی بۆیە ئێمە پەشیمان نەبینیەوە بگەڕێینەوە!.
هەرچۆنێك بو بەڕێ کەوتین تا گەشتینە سەر شاخی(کێلێ) هیچ کەسمان نەبینی و تەنها ئێمەو یەك دوو کەسی تر کە ڕێبەری(ئێران)ی بون باریان بارکردبو دەگەڕانەوە، لەڕێگە قەدەری خوا من بەهەڵە لە تولە ڕێگەکە لام دا چەند مەترێك چومە ناو کێڵگەی ئەڵغام و خاوەن هێسترەکەم کردی بە باوکەڕۆ ، باش بو خوای گەورە لەویاش دا بەسەلامەتی ڕزگاری کردین.
پاش ئەوەی سنوری کوردستانی باشور(عێراق)مان بڕی و گەشتینە سەر لوتکەی چیای(کێلێ) گوێمان لەدەنگی تەقە بو لەدیوی(ئێران)ەوە، هێندەی نەبرد چەند سوارێك بە هەناسە بڕکێ گەشتنە لامان و وتیان" کاکە مەڕۆن بەخوا پاسگا فەرمانی تەقەی کوشتی ئەنقەستیان پێ دراوەو، ئیتر لەویادا هەواڵەکەمان زانی، بەڵام ڕێبەرەکانی ئێمە ئامادە نەبون پارەکانمان بۆ بگێڕنەوەو ، دایك و باوکیشم زانیان لەوەیە ڕێگە بەتەواوی دابخرێت و لەخەمی باقی و براو خوشکەکانم کە مناڵ بون وتیان" بابڕۆین پشت بەخوا هیچ نابێت!.
باوەڕتان بێت هەر ئەوەندەی نزیك بوینەوە لە سەر ڕێگەی پاسگاکە کە بە گردێكەوە بو ئێمەش بە تولە ڕێ یەکی قاچاخ دا لەبەشی خوارەوە دەڕۆشتین بەدووری چەند سەد مەترێك بەناو دۆڵێك دا ، دەستیان کرد بە تەقە کردن لێمان بە چەکی جۆری ژێر سێ و ناتۆ ، بۆ کوشتنیش تەقەیان لێ دەکردین ، لەوکاتەیە نۆرەی من بو سواری ئەسپەکە ببوم و باوکی بەڕێزم لەگەڵ دوو کاروان چی یەکەی تردا لەدواوە دەڕۆشتن و دایکی بەڕێزیشم لە پێشمەوە بو بەسواری هێسترەکەوە، فیشەك دەت وت مێشولەیە گیزەیان دەکرد بەم لاو لامان دا!.
کاتێکمان زانی ڕێبەرەکان دەستیان لەڕەشوەی ئەسپ و هێسترەکان بەردا لە ترسی گیانی خۆیان بو بە نەفسی نەفسی یەك هەریەکەو بۆ پەناگەیەك دەگەڕا خۆی بدا بەزەوی داو خۆی بشارێتەوە بۆ ئەوەی فیشەك بەری نەکەوێت ، تەنها من و دایکی بەڕێزم ماینەوە خێرا منیش خۆم هەڵدایە خوارەوەو ئەسپەکەم بەجێ هێشت و ڕام کرد بۆ لای دایکی بەڕێزم ، یارەبی خوا بی پارێزێت بەڕاستی نمونەی ئافرەتی ئازاو بەغیرەتە چونکە هێسترەکەی وەك سەرشێتی لێ هاتبو ، سوپاس بۆ خوا گوێم لە هانا بردنی بو بۆ خوا بە هێواشی و ،بەمنیشی وت کوڕم شایەتومانت لەیاد نەچێت بە بێ ئەوەی بچوکترین ترسی لەسەر بێت و خاوەنی هێسترەکەش لە پێشەوە رای کردو خۆی دا بە زەوی دا و خێرا هاوارم لێکردو دەستم کرد بەقسە وتن پێی و خەمی دایکی بەڕێزم بو ، داوام لێکرد کە خێرا هێسترەکە ڕا گرێت!.
باش بو شەرم گرتی و هەرچۆنێك بێت خۆی گەیاندەوە لامان و لەوکاتەشدا بەچاوی خۆم بینیم خوا شاهێدە کە وەك بڵێی یەکێك سەری ئەو هێسترە بەرز بکاتەوە کە دایکمی لەسەر بو لەگەڵ جوڵاندنی ملی هێسترەکە بە هەر لایەکدا فیشەك دەیدا لەشوێنی یەکەم جاری،زانیم کەوا خوای گەورە کۆمەڵە فریشتەیەکی بێ شوماری هەیە بەندەکانی پێ دەپارێزێت تا کاتی ئەجەلیان دێت!، ئیتر نێوانێکی پەنجا مەتری کەوتە نێوان باوکی بەڕێزم کە لە پێش ئێمەدا لەگەل ڕێبەرێك و چەند بارێك دا خۆیان دابو بە زەوی داو، من و دایکی بەڕێزیشم و ڕێبەرێك لەڕاستی ژێر پاسگاکەدا بوین فیشەك بەسەرمان دا وەك باران گیزەی دەهات بەڵام باش بو چاڵێکی تێدا بو خۆمان تیا حەشاردابو!.
بەو شێوەیە تا نزیکەی دوو کات ژمێریك بە بەردەوامی تەقەمان لەسەر بو تا دوای نیوەڕۆ ماینەوەو پاسگاکە دەیان زانی خەڵك لەویادایە، لە دوای نیوەڕۆ تەقەکان نەمان و نەمان دەتوانی نەبڕۆین بۆ پێشەوە نە بگەڕێینەوە بۆ دواوە، تەوق درابوین و پاسدارەکانیش لەترسی ئێمە نەدەهاتنە خوارەوە، وەیان دەزانی چەکدارین!.
ئەو ڕۆژە کەش و هەوا زۆر گەرم بو نە ئاو نە نانیشمان پێ نەبو ،خۆرەکەشمان لەسەر بو تەواو شەکەت و منادووین کردبوین ، دایکی بەڕێزیشم گورچیلەیەکی نەشتەرگەری کراوەو ئەوی تریشی تەواو لاواز بوە ،دەبوایە بەردەوام ئاوی بخواردایەتەوە، پاش ئەوەی دەنگی تەقەکان وەستا یەك دووجار ڕێبەرەکان ویستیان هەستین بڕۆین بەڵام خێرا دەست دەکرایەوە بە تەقەکردن لێمان!.
تاخوای گەورە کردی دوو کاروان چی کوردی ڕۆژ هەڵاتی کەخەڵکی گوندی(عەباس ئاوا)بون بۆ داربڕین هاتبون و باری داریان پێ بو گەشتنە لامان و بەرەو دیوی(ئێران) دەگەڕانەوە ، ئێمەش حاڵ و باسمان بۆ گێڕانەوە ، بەڵام چونکە لە پەنجا مەترەکەی نێوان ئێمەو باوکی بەڕێزم دا هاتن و تەقەیان لێ نەکرا، وتیان: کاکە هیچ نی یەو ئێمە خۆمان خەڵکی ئەم دیوین و، ئێستاش لەبیرمە ئەوەیان کەدواتر پێکرا وتی" قابیلە بمان کوژن و بەجییان هێشتین و ڕۆشتن!.
هەر چەند مەترێکیان خۆش بو کە ڕۆشتن کاتێکمان زانی دەست کرایەوە بەتەقە کردن زۆر لەکاتەکەی ئێمە خراپترو چڕوپڕتر، یەکیان بەپەلە خۆی گەیاندەوە لامان و بەگریان و هاوار وتی کاکە بیکەن لەڕێی خوا فریای کاکم کەون بەخوا پێکراوەو فیشەك داویەتی لەبەر میزەڵانی و توشی خوێن بەربونی ناوەوەی کردوە، ئیتر ڕێنەرەکە وتی: کاکە وەڵا ڕۆشتنمان باش نیەو ئێمەش دەپێکرێین باشترە شتێکی سپی بەرز بکەیتەوەو هاواربکەرە پاسگاکەو بەرەو ئەوێ بڕۆ بەڵکو تەقە ڕاگرن و بزانن کەخەڵکی مەدەنی یە!.
بەو شێوەیە کابرا لە ترس و خەمی گیانی براکەی جامانەکەی سەری داگرت و بە هاوارو گریانەوە بەرەو پاسگاکە بەڕێ کەوت ، یەکەم جار تەقەیان کرد بەسەری دا بەڵام ئیتر کەزانیان بێ چەکە تەقەیان راگرت و کاتێکمان زانی دەیان چەکدار بە چەکی سوك و قورسەوە هاتنە خوارەوە بۆ ناو دۆڵەکەو ڕژان بەسەرمان دا کە ئێمەیان بینی سەروانەکەیان زۆر ترسا کەزانی ئەوەی بەرکەوتوە خەڵکی(ئێران)ەو ،زۆر داوای لیبوردنی کرد وتی" بەراستی هەواڵمان بەهەڵە بۆ هاتوە کە ئەمڕۆ بە پۆشاکی ئافرەتانەوە چەند چەکدارێکی دیموکرات بەم ڕێگەیەدا تێ پەڕ دەبن و ئەوانیش کاتێك دایکمیان بینی بو لەدوورەوە وتبویان بەخوا ئەمە خۆیانن!.
وتی" ئەگەر تا ئێوارەش نەهاتنایەتە دەرەوە بەهاوەن لەدۆڵەکەمان دەدا ، ئیتر هەڵیان ساندین و ڕێبەرەکانیش وتیان: بڵێن ئێمەش خەڵکی گوندی(عەباس ئاوا)ین و گەشتینە لای کابرا ڕەنگی زەرد هەڵگەڕابو بەحاڵ دەنگی هاواری دەهات ،سەروانەکە خێرا جیهازی کرد بۆ پاسگا تا سەیارەیەکی جێب هات و بەپەلە کابرایان برد بۆ نەخۆشخانەی شاری(بانە) بەڵام نەمان زانی ماوە یان مردو،وە ئێمەش بەو هۆیەوە سوپاس بۆ خوا بەسەلامەتی ڕزگارمان بو،بەڵام بەهۆی دواکەوتنمان لەو دۆڵەدا نیوەشەو درەنگ گەشتینە گوندی(دارەگڕدەڵە)و بە باقی خوشک و براکانم شاد بوینەوەو ئەو جارەش خوای گەورە لەمردن ڕزگاری کردین!.

ده‌رباره‌ی نوسه‌ر

لێره‌ سه‌رجه‌م زانیارێكانی نوسه‌ر ده‌نوسرێت

زانیاری ده‌رباه‌ری بابه‌ته‌كه‌ Unknown : نوسه‌ر له‌ به‌رواری : الثلاثاء، 6 أكتوبر 2015
: خوێنه‌ران
كۆمێنته‌كان: 0 پێش به‌كارهێنانی یاساكانمان بخوێنه‌وه‌