من و تۆپ! (بەشی دووەم و کۆتایی)
من و تۆپ!
بەشی دووەم و کۆتایی"
بۆچی وازم هێنا لە هەواداری تیپەکانی ڕۆژ ئاوا؟
چۆن ئەم وەرزشە بە شەرعی دەمێنێتەوەو؟، لەکوێشدا گەنج و لاوەکانمان تەنها کات بەفیڕۆ دەدەن و دوای کڵاوی بابردوو کەوتون؟،تۆپی پێی ئێستا بۆ تەندروستی لاشەیە؟ یان کڕین و فرۆشتن و پارەپەیدا کردن و قومار کردن؟، چی سودێك بە لاوەکانی ئێمە دەگات لەهەفتەیەکدا چەند شەو خۆیان سەرقاڵ دەکەن بە سەیرکردنی یاریەوە تا گاڵتە بەیەك کردن و، پەلاماردانی یەك و خۆ کوشتن!، تا فەوتاندنی دەیان نوێژ بەوهۆیەوە!.
لەبەشی یەکەم دا بەکورتی تیشکم خستە سەر ئەوەی کەوا کەی دەستم بەیاری کرد؟ کەی بومە سەرۆك تیپ؟ لەکوێدا یاریم کردوەو، ئێستاش لەکوێدا یاری دەکەم؟ بەچی ناسراوم لەیاری دا؟.
لەم باسەشدا دەچینە سەر ئەو خاڵانەی کۆتایی کە لەسەرەتا باسمان لێوە کردووە، سەبارەت بەواز هێنانم لە هەواداری بۆ تیپەکانی ڕۆژ ئاوا ،کە پاش سەفەرکردنم بوو بۆ وڵاتانی ڕۆژ ئاوا سەیرم کرد ئەو تیپانەی من بومەتە هەواداریان زۆر دەمارگیرو نەتەوە پەرستن و زۆربەی زۆری خەڵکی وڵاتەکانیان ڕقیان دەبێتەوە لە خەڵکی بێگانەو، بەتایبەتی خەڵکی وڵاتانی ئیسلامی کە بەسەر ڕەش ناسراون و، ئێمە زۆر بە ئەستەم جێمان دەبێتەوە لەناو چاوشین و قژ زەردەکانی ئەوانداو، تەنانەت ئەگەر جنسیەی وڵاتەکەشیان وەرگریت ، هەر بە هاوڵاتی پلە دوو ناسراویت!.
نمونەشم بۆ ئەم باسە بینینی هەوادارانی زۆرێك لە یانە ڕۆژ ئاواییەکان بوو کە هەرکات بیان دۆڕاندایە ، هەوادارەکانیان دەکەوتنە پەلاماردانی سەر ڕەشەکانی نیشتە جێی شارەکانیان و هێرش کردنە سەر ماڵ و شوێنی نیشتە جێ بونیان، ئەوەی لەشاری(هۆڵ) ی بەریتانیا نیشتە جی بێت ، ئەم وتەیەی من بەڕاست دەخاتەوە کەوا چۆن لەکاتی دۆڕاندنیاندا پەلاماری چەند کوردێکیان دابوو ، تا ئەوەی سەیارەکانیان تێك شکاندبوون، تا ماوەیەکی زۆر لەو شارەشدا هەر یاریەك بکرایە پۆلیسی ئەو شارە نامەی دەنارد بۆ سەر ڕەشەکانی نیشتە جێی ئەو شارە کە نەچنە دەرەوە!.
ئەم ڕوداوانە لەشارێکی وە (میوشن)ی وڵاتی ئەلمانیاشدا هەیە، لەچەندین وڵاتی تریش هاوڕێم هەبووە بۆ بینینی یاریەك کە هەواداری یانەیەك بوە ،نیازی هەبووە بڕاوت یاریەکە ببینێت بەڵام نەیان هیشتووە بڕواتە ژورەوە بۆ ناو یاریگاکەو لەلایەن پاسەوانانی دەرگاکە ڕێگری لێکراوە!، یان هەوادارانی یانەکە سوکایەتیان پێکردووە، کەوابوو ئەوەی ئێمە خۆمانی بۆ لەسەر دەدەین بەکوشت و شەڕی لەسەر بەرپا دەکەین ، دلنیابن ئەوان ئاوا سەیری ئێمە دەکەن ئەگەر چەندێکیش هەواداریان بین، لەویا زانیم کەوا من دوای کڵاوی بابردوو کەوتوم ، کاتێك بینیم هەواداری یانەی(لیڤەرپول)م، لەبەریتانیا بیستم کە خراپ ترین و نەتەوە پەرست ترین هەواداریان هەیە!.
بۆ ئەوەی ئەم وەرزشە بەشەرعی بمێنێتەوە دەبێت ، برایانی بەڕێزم سنورە شەرعی یەکان بپارێزن ، وەك ئەوەی لەخوار ئەژنۆوە تا سەرو ناوکیان دیار نەبێت لەکاتی یاری کرندا، وە خۆیان بەدوور بگرن لە بەکار هێنانی تیشێتی یانەیەك کە ڕەمزی سەلیبی لەسەرە، ئاگاداری کاتەکانی نوێژو پەرستنەکانیان بن بەهۆی یاری کردن یان سەیرکردنی یاریەکەوە ،وە نابێت نوێژەکانیان بفەوتێنن یان دوای خەن بەو هۆیەوە چونکە هەڕەشەی توندی لەسەرە!.
بێ لەم باسانەش دەبێت: کاتێك یاری دەکەن یان دەبنە هەواداری یانەیەك سنوری ڕێزی برایەتی ئیمانی بیپارێزن و نەیگۆڕنەوە بە یاریزانێکی بێباوەڕ یان گاور ، وە لە جل و بەرگ و پۆشاك و شێوەو ڕوخسارماندا نابێت خۆمان وەك یاریزانانی ڕۆژ ئاوا لێ بکەین،بەشێوەیەك هەواداری یانەکەش تێکەل بە گۆشت و خوێنمان بکرێت و لەخۆمان و دایك و باوکمان زیاتر خۆشەویستیان بۆ دەربڕین!، وەك هەندێ کەس پاش دۆڕاندن دەگرین یان شەڕ دەکەن تا ئاستی خۆ کوشتن بەو هۆیەوە، بەڕاستی ئەم ڕوداوانە هەمووی کارەساتی دڵ تەزێنن بۆ گەنجەکانمان و بێ ئاگاییانە لەوەی کە بۆچی دروستکراون لەسەر زەوی دا،کە لە زەرەر مەندی دوونیاو ڕۆژی دوایی زیاتر هیچ شتێکی تریان بۆ نامێنێتەوە!؟.
ئەگەر هاتوو بەو شێوەیە ئەم وەرزشەمان کرد کە بۆ تەندروستی لاشەمان بێت و ، یاری یەکە بە ڕۆحی وەرزشی ئەنجام بدرێت و کۆڵی قورسی پێوە هەڵ نەگرین لەدۆڕاندن و بردنەوەمانداو و وەك ڕۆژ ئاوا قوماری لەسەر نەکرێت و سنورەکانی شەرعمان تیایدا نەبەزاند ئەوە وەرزشێکی شەرعی و تەندروست و دۆستانەمان ئەنجام داوە ، کە هەم لاشەیەکی تەندروستمان پێ دەبەخشێت، وە هەم سنوری ڕێزی یەکتریش دەپارێزین و دڵ ئێشان و ئازاردانی یەکتری لێ ناکەوێتەوە!.
بەڵام بە پێچەوانەوە ئەگەر هاتوو وەك هەوادارانی ڕۆژ ئاوا بیر بکەینەوە ، کەفێری دەمارگیری و ڕق و کینەو دووبەرەکیمان بکەن و ، یاریەکە وەك بازرگانیەك کڕین و فرۆشتن و قومارکردنی تێدا بێت ئەوە بەڕاستی دوای کڵاوی بابردوو کەوتوین، ئەوان پارە وەردەگرن و لە ژیانێکی خۆشدا ژیان بەسەر دەبەن ، ئێمە بۆ دۆڕاندنیان دەگرین و، چەپڵەش بۆ خۆشیەکانی ئەوان لێ دەدەین و خۆشمان لەوپەڕی سەختی ژیاندا گەنجەکانمان دەناڵێنن!.
لەسەرو هەموو ئەم باسانەشەوە دواکەوتنی گەنجەکانمانە لە زانست و زانیاری بەسوود بەشێوەیەك کە هەفتانە چەند شەوێکی زێڕین بەدیار چەند یاریەکەوە کاتەکانیان بەفیڕۆ دەدەن و، دواتریش ئەوی بیباتەوە دێتە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیس بووك دەیکاتە هەراو ، لافیتەی پرسە بۆ هەودارانی یانەکەی بەرامبەر هەڵدەواسێت و دۆستایەتی و دووژمنایەتی لەسەر هەواداری یانەیەکی بێباوەڕ دیاری دەکات!، بەو هۆیەشەوە دەیان هاوڕێ و دۆستی یەك دەست دەکەن بەسوکایەتی و جوێن دان بەیەکتری و، دۆستایەتی و هاوڕێ یەتی لە بیر دەکەن ودەبنە دووژمنی یەك!.
باوەڕ بکەن من کاتێك لە بازاڕی(قەیسەری نەقیب) دا شاگرد بووم ، لیستی هەموو یانەکانی ڕۆژ ئاوام لەگیرفاندا بوو، دەم زانی لەماوەی هەفتەیەکدا کێ یاری هەیەو کێ لە پێشەو کێ دواکەوتووە، بەشێوەیەك بەیانیان زوو دەچوم بۆ ئیش بەڵام جاری وا هەبووە لەبەر یاری یەك کات ژمێر دووی شەو خەوم لێ کەوتووە، بەیانیان قاچم ژمارەی ئینگلیزی دەنوسی و چاویشم وێنەی خەڵکی تێکەڵ دەکرد، وە کاتێك یاریەك بوایە بەتایبەتی یاریەکانی جامی جیهانی کاکە مەولودی گوڵە بەڕۆژە فرۆشی بەناوبانگی شاری سلێمانی کە هەواداری(ئەڵمانیا)بوو دەهاتە لام دەی وت: بەس جارێ بۆ هێرشێکی (ئەڵمانیا) ، موعەلەقیم بۆ بکە!،لەبەر ئەوەی دەی زانی من ڕقم لە(ئەڵمانیا)یە، وە زۆرێك لە دراوسێ دووکانەکان دەهاتنە لام بەس گوێ یان بۆ دەگرتم ، چونکە وەك موعەلەقیش هاوارم دەکرد!.
ئێستا دەڵێم: ئای لەم داماویەی کە ئەو هەموو کاتە زێڕینەم بەفیڕۆداو، بەبێ ئەوەی هیچ سودو قازانجێکیشم بەدەست هێنا بێت لەو هەموو ساڵەدا ، کە سوپاس بۆ خوا کاتێك گەشتمە ڕۆژ ئاوا خوای گەورە ڕێ نیشاندەری کردم و ڕاستیەکانی پیشان دام و پەشیمان بومەوە لەو بێ ئاگاییەی کە جاری وا هەبووە دڵی دۆستە خۆشەویستەکانم شکاندووە لەسەر یانەیەك یان یاری یەك!.
ئێستاش داوای لێخۆش بون و لێبوردن لەخوای گەورە دەکەم کە بەو هۆیەوە دڵی هاوڕێ یەکم ئازار دابێت و ئێشاندبێت، یان کەم تەرخەمیم ئەنجام دا بێت لە پەرستنەکانم بەهۆی یاری یەکەوە، لەکۆتایی دا: هیوادارم سەرجەم ئەو برا بەڕێزانەشم کە تا ئێستا بێ ئاگان لە کاتە زێڕینەکانیان ، بگەڕێنەوە بۆ لای خوای گەورە ئاگاداری کاتەکانیان بن، چونکە کات وەك شمشێر وایە ئەگەر نەیبڕن دەتان بڕێت!.
نوسینی" ڕەنج شێخانی