به‌خێربێت بۆ ماڵپه‌ری بانگه‌وازی ئیسلام

من و تۆپ!(بەشی یەکەم)


من و تۆپ!
کەی دەستم بەیاری کرد؟ کەی بومە سەرۆك تیپ؟ لەکوێدا یاریم کردوەو، ئێستاش لەکوێدا یاری دەکەم؟ بەچی ناسراوم لەیاری دا؟

بەشی یەکەم
ماوەیەك لەمەوپێش وێنەیەکی خۆمم بڵاوکردەوە لەناو یاریگایەکدا لە وڵاتی فنلەنداو ، بەکورتی یەك هەندێ باسم لە ژیانی ڕابردووم کرد لەسەر ، تۆپی پێ و بەڵێنم دا لەداهاتوودا ڕاپۆرتێكی دوورو درێژ بنوسم لەوبارەیەوە، کە ئێستا بەپێویستم زانی لەسەر داوای زۆرێك لەبرایانی بەڕێزم درێژەی ئەو ڕاپۆرتە بخەمە پێش چاوی خوێنەرانی بەڕێز!.
سەرەتای ساڵەکانی نەوەدەکان بوو مناڵ بوین لەگەڕەکی شێخانی شاری سلێمانی لەگەڵ گەنجانی خۆشەویستی ئەو گەڕەکە ،کۆمەڵە هاورێ یەك کۆبوینەوەو یەکی پێنج دینارمان کۆکردەوەو تۆپێکمان پێ کڕی و ، هاوڕێ یەکمان بەناوی کاك بۆتان کرد بەسەرۆك تیپ و بەشداری دەورەیەکمان کرد لە قوتابخانەی شێخ مەحموودی بنەڕەتی کەدەکەوێتە ئەو گەڕەکەوە، من زۆر یاریم نەدەزانی ئەوکاتە بۆیە کەم یاریان پێ دەکردم، هەر زووش لەدەورەکە کراینە دەرەوە، ئەگەر هەڵە نەبم تیپەکەمان ناوی شێخ مەحموود بوو!.
پاش ماوەیەك ماڵمان باری کرد بۆ سەر یاڵەکەی خەبات لای خانووە بێ تاپۆکان بەرامبەر یاریگای(چیا) کە ئەوکاتە خۆڵەکەی سلێمانی لەوێ دەڕژاو ، لەجیاتی ئەم هەموو گەڕەك و خانوەی ئێستا زەوی و زارو دەشتێکی کاکی بەکاکی بوو، یاریگای(چیا) دەشت بوو لە سەروی یاریگای(چیا)شەوە یاریگایەکی ترمان دروست کرد لە لایەن برایانی یەکگرتوی ئیسلامی لە مزگەوتی(حاجی قادری کۆیی) کە ئەوکاتە برایانی یەکگرتو وانەو دەرسیان دەوتەوە لەو مزگەوتەداو منیش لەو مزگەوتەدا وانەم دەخوێند سەرەتا، لە تیپی پلە چواری مزگەوتەکەش یاریم دەکرد!.
لەبەرامبەریش دا کۆمەڵێك مزگەوتی تر هەبوو کە تیپی بەهێزیان هەبوو ، لەوانە تیپی وەرزشی(قەندیل) کە سەر بە مزگەوتی چاڵەکەی خەبات بوو،کە پاش دوو ساڵ چومە ئەو مزگەوتە بۆ وانە خوێندن کە مامۆستا مەلا حسێنی ڕەحمەتی (خوا لیی خۆش بێت) سەرپەرشتی دەکرد، کەدەتوانم بڵێم ، ڕێکخستنی مامۆستا مەلا حسێن و قوتابیە سەربەرزەکانی کە زۆرێکیان مامۆستای من بوون زۆر سەرکەوتو بوو لە گەڕەکی خەبات دا لە بانگەوازو وەرزشیش دا بەتەواوی دەستێکی باڵایان هەبوو ، وە ناوبانگێکی باشیشیان هەبوو لە گەڕەکی خەبات و گەرەکەکانی دەوروبەریدا!.
منیش بەبێ تیپی مزگەوت لەگەڕەكی خۆماندا تیپێکی لاکۆڵانمان هەبوو ، لەناو خۆماندا پارەمان کۆدەکردەوەو لەبەر هەژاری ، تەنها دەمان توانی تۆپی باغە بکڕین یان میزەڵانی گەورەی دەرچونمان دەکڕی ودەمان خستە ناو بەرگی ئەو تۆپانەوە کە چوپەکەی تەقی بوو، بەپێنج دینار بەرگی تۆپەکەمان دەکڕی و میزەڵانەکەمان تێ دەکردو ، یاریمان پێ دەکرد ، لەسەر جادە شەستی یەکەی خوار ماڵی خولە حسك بەشەو و بەڕۆژ، باوەڕ بکەن تاك و تەرا سەیارە هاتو چۆی دەکرد ، وەك ئێستا نەبوو کە ماشاءالله بوەتە کاروان سەرا، بۆ کەس غیرەتی هەبوو بەشەودا بەوجادەیەدا بڕوات؟، ئیتر هەرکاتیش تۆپ بتەقیایە تیپ هەڵدەوەشایەوە!.
تیپەکانی مزگەوتەکان لەڕێی لایەنە ئیسلامیەکانەوە زۆر بە ڕێکخستنێکی جوانەوە دەوەرەیان دەکردەوەو ، بەو هۆیەشەوە تاکە کەس بوون بەدەم گەنجان و لاوانەوە بڕۆن و کۆیان بکەنەوە لەمزگەوتەکان و دووریان بخەنەوە لەخراپەکردن، یاریەکانیش لە ناو یارگای (چیا)دا یان یاریگای (چەوەکە) کە لە بەرامبەر گەڕەکی(حاجی ئاوا)وە بوو، کە دواتر بوو بە شوێنی نیشتە جێ بوةی ماڵە ئاوارەکانی کەرکوك!.
یاریگاکەی سەریشەوە بە یاریگای ئیسلامیەکان ناسرابوو، تا دواتر برایەکی بەڕێزمان کە ناوی کاك سامان بوو، لەکاتی یاری کردندا لەناو یاریگاکەدا کەوت و وەفاتی کرد(خوا لێی خۆش بێت) ئیتر تیپی حاجی قادر گۆرا بۆ شەهید سامان بەم شێوەیە وەرزشی تۆپی پێ وەك نان و ئاوی لێهاتبو بۆم، تا ئەوەی بەهۆی هەژاری و قەرزاریەوە خانوەکانمان فرۆشت و ، چوینە خانویەکی کرێ وە لە گەڕەکی (قەزازەکان) لە ئەسحابە سپی!.
ئیتر ئەم جارەیان تیپێکی بەهێزم دروست کرد بەناوی تیپی وەرزشی(هەڵۆ) خۆم بوم بە سەرۆك تیپ، تا ئەوەی بەشداری چەند دەورەیەکمان کرد لە قوتابخانەی ناوەندی(گۆیژە)ی کوڕان زۆر بە ئاستێکی بەرزەوە پلەی یەکەممان بەدەست هێنا چەند جارێك!.
دووبارە ماڵ گواستنەوەمان بۆ شارۆچکەی خورماڵ لە هاوڕێکانمی دابڕیم ، بەلام لەوێش دووبارە لەگەڵ کۆمەڵێك هاوڕێی زێدە ئازیزم کە ماوەیەك لەمەوبەر ، بەچەند خۆشەویستێکیان گەشتمەوە لەڕێی تۆڕی کۆمەلایەتی یەوە ، تیپێکی بەهێزمان دروست کرد بەناوی تیپی وەرزشی(برایەتی) وەك ئاگادار کراومەتەوە ئێستاش ئەو تیپە هەرماوەو لەئاستێکی زۆر بەهێزیش دایە، وەك ئەو هاوڕێ بەڕێزانەم کە دەستەی دامەزرێنەربووین پێکەوە باسیان لێوەکرد بۆم و وێنەی یاریزانانی نوێشیان بۆناردم، هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازم!.
سەرەتای وەرزشم بە گۆڵچێتی دەست پێکرد، دواتر کە خۆم بومە سەرۆك تیپ، چومە ڕیزی بەرگری و پێش بەرگری کاری ، ووردە ووردە چومە تاك شوبەکان لەلای راستەوە یاریم دەکرد تا، چونە هێڵی ناوەڕاست و ئێستاش ، لەهێڵی هێرش بردندا یاری دەکەم، بەڵام توانای ڕاکردنم زۆر نەماوە ، بەڵام سوپاس بۆ خوا قاچی گۆڵم هەیەو کەم یاریش هەیە گۆڵ نەکەم، وە لەڕابردوودا کەتیپی(برایەتی)مان دروست کرد کاك عبدالحمیدی حەبەش بەڕەحمەت بێت کەسەرپەرشتی مناڵانی شارۆچکەی خورماڵی دەکرد لەمزگەوتی(بوخاری) ، دەورەیەکی بۆکردینەوە کەپێك هاتبوو، لە چواردە تیپ لەشارۆچکەکەدا!.
ئێمە بەر تیپەکەی خۆی کەوتین کە ناوی تیپی وەرزشی(شەرام) بوو، من لەیاریزانانی بەدل دانرابووم چونکە هێندەی هاوڕێکانی ترم یاریم نەدەزانی، زۆرم داواکرد لە سەرۆك تیپەکەمان کەناوی کاك ئارام کەلاری بوو، دام بەزێنێت هەر ئەی وت پەلە مەکە تا خواکردی برادەرێکمان ناوی کاك هەورامان بوو کەوت ، ئازاری پێگەشت و دانیشت بۆم، نیوەی گێمی دووەمیش ڕۆشت بوو ، تیپەکەی بەرامبەر تەواو زۆریان بۆ هێنابوین، لەگەڵ هەستام تۆپێك کەوتە قاچم و خستمیان، بو بە فاوڵی راستەوخۆ بۆ ناو گۆڵ، چومە لای بەرگری کارەکە کە ناوی کاك ئومێد بوو،ئێستاش لەیادمە وتی: تۆ گۆڵ دەکەیت؟ ئا لاچن با بیکات گاڵتەی پێکردم، بەخوا کاتێکم زانی تۆپ هات و خوا بۆی ڕەخساندم و سەرێکم خستە بەری و بوو بەگۆڵ!. ئیتر لەوکاتەوە ناویان نام کەلەی گۆڵت هەیە!.
جا بۆ خۆشی لەناو هاوڕێ یاندا دەمان ووت ،یاریزانی وا هەیە هەموو ڕۆژێك گۆڵ دەکات بە سەر کەس باسی ناکات کەچی من لەخوایی یەوە سەرێکم لێدا بوو بە هۆکاری ناوبانگم و ئیتر لە هەموو یاریەکدا کرام بە یاریزانی هەمیشەیی، بەڵام بەداخەوە دوای ئەو دۆڕانە دەورەکەیان هەڵوەشاندەوە!.
پاش ئەوەی سەفەری هەندەرانم کرد زۆر دابڕام لە وەرزشی تۆپی پێ،یاریم دەکرد بەڵام زۆر بەکەمی تا ئەوەی لە وڵاتی (یۆنان) بۆ جارێکی تر خوا ئەودەرفەتەی بۆ ڕەخساندینەوە ، کە بەهۆی مزگەوت و برایانی بەڕێزی مزگەوتەوە، دووجار دەورەمان بۆ گەنجە کۆچەریەکانی کوردستان کردەوە لەو وڵاتە غەریبیەداو دووبارە دەستم کردەوە بەیاری کردن!.
کە گەڕاشمەوە بۆ کوردستان لە ئاوایی یەکەمدا دوو تیپم دروست کرد لە قوتابیە گەورەو بچوکەکانم و ، ڕۆژانە دەورەم دەکردەوە بۆ مناڵەکان و لەبەر نەبونی یاریگا لە ئاوایی یەکەدا بە پاس دەم بردن بۆ یاریگای تاتان، هەفتەی شەوێکیش لەگەڵ هەندێك برای بەڕێزو قوتابیە گەورەکانم دەچوین بۆ یاریگای تاتان، سوپاس بۆ خوا بەمێزەرەوە یان جامانەوە دەڕۆشتم و سڵیشم لە لۆمەی کەس نەدەکردەوە، ئەگەر لەبەر ئەوەش نەبوایە کە میللەتی کورد تا ئەو مێزەرو جامانەیە نەبیننن بەسەرتەوە، گوێت بۆناگرن ئەوە بەبێ ئەو دووانەش ووتارم دەدا بۆ خەڵکی و هەرگیز حەزم لەوە نەبووە خۆم لە مسوڵمانان بەگەورەتر بزانم یان بەو هۆیەوە خەڵکی ڕێزم لێبگرێت یان خۆم جیا بکەمەوە، بەڵام چی بکەین ئەم کۆمەڵگەیەی ئێمە بە شێوەو ڕوخسار دەڕوانێت لە تاکەکانی!.
ئێستاش سوپاس بۆ خوا هەفتانە لە وڵاتی فنلەندادا دەچم بۆ یاری لەگەڵ کۆمەڵێك مسوڵماندا، بەڵام لە ئێستادا هەواداری هیچ تیپێك نیم و ناش بم بەئیزنی خوا،هۆکاری ئەوەش لە بەشی دووەم و کۆتایی ڕون دەکەمەوە بەم شیوەیەی خوارەوە إن شاء الله.
بۆچی وازم هێنا لە هەواداری تیپەکانی ڕۆژ ئاوا؟
چۆن ئەم وەرزشە بە شەرعی دەمێنێتەوەو؟، لەکوێشدا گەنج و لاوەکانمان تەنها کات بەفیڕۆ دەدەن و دوای کڵاوی بابردوو کەوتون؟،تۆپی پێی ئێستا بۆ تەندروستی لاشەیە؟ یان کڕین و فرۆشتن و پارەپەیدا کردن و قومار کردن؟، چی سودێك بە لاوەکانی ئێمە دەگات لەهەفتەیەکدا چەند شەو خۆیان سەرقاڵ دەکەن بە سەیرکردنی یاریەوە تا گاڵتە بەیەك کردن و، پەلاماردانی یەك و خۆ کوشتن!، تا فەوتاندنی دەیان نوێژ بەوهۆیەوە!.

نوسینی" ڕەنج شێخانی

ده‌رباره‌ی نوسه‌ر

لێره‌ سه‌رجه‌م زانیارێكانی نوسه‌ر ده‌نوسرێت

زانیاری ده‌رباه‌ری بابه‌ته‌كه‌ Unknown : نوسه‌ر له‌ به‌رواری : الأحد، 11 أكتوبر 2015
: خوێنه‌ران
كۆمێنته‌كان: 0 پێش به‌كارهێنانی یاساكانمان بخوێنه‌وه‌