هەرگیز یەك لایەنە بڕیار مەدە! با دادوەریەکەت لاسەنگ نەبێت!
هەرگیز یەك لایەنە بڕیار مەدە! با دادوەریەکەت لاسەنگ نەبێت!
لەمێژووی ژیانمدا ، ڕووبەڕوی ڕوداوو و کارەساتی زۆر بومەتەوە، لەفەزڵی خوا بەزیاد بێت هەر لەمناڵیەوە لەزۆر کێشەی کۆمەڵایەتی و سیاسیشدا ، بەشداریم کردووە!.
بەڵام سوپاس بۆ خوای گەورە ،نەگریان و شین و وا وەیلای ئافرەت و نە خۆ توڕەکردن و هاوارکردنی پیاویش ، بڕیاری پێ نەداوم تاوەکوو بەجوانی گوێم بۆ هەردوو تەرەفی کێشەکە نەگرتبێت!
وە کاتێك بەتەنها گوێم بۆ تەرەفێکی کێشەیەك گرتوە ،هەرگیز نەکەوتومەتە هەڵەوەو بڕیاری تاك لایەنەم نەداوە لەسەر باسکردنی کێشەکە لەلایەن تەرەفێکیانەوە!.
بەپێچەوانەوە تاوەکو گوێم لەتەرەفی بەرامبەریش نەگرتبێت لایەکیانم تۆمەتبار نەکردوەو لاکەی تر براوە!.
ئەم فێربوونەش لە بەسەرهاتێکی گرنگی وەك خەلیفەی یەکەمی باوەڕداران ، پێشەوا ئەبوبەکری صدیق(خوای لێ رازی بێت) بۆم ماوەتەوە!.
کەوا جارێکیان پیاوێك دێتە لای ، چاوێکی دەرهێنراوەو، چاوەکەی لەسەر دەستیەتی و داوای مافی خۆی دەکات لە خەلیفەی باوەڕداران، خەلیفەش سەیرێکی دەکات و کەمێك دەوەستێت و هیچ بڕیارێك نادات!.
کابراش دەڵێت: خەلیفە بۆچی ڕاوەستاویت ئەوەتا چاوەکەم لەدەستم دایە!
خەلیفەی هێمن و لەسەرخۆو حەکیمیش لەوەڵامدا دەفەرمووێت: جارێ بوەستە با ئەوی تریش بێت کێ دەڵێت: تۆ هەردوو چاویت دەرنەهێناوە!.
کەوابوو براو خوشکە باوەڕدارەکەم ، تکایە کاتێك دوو مسوڵمان کێشەیان دەبێت بزانە شەیتان کەوتۆتە نێوانیان و ، دڵنیاش بە لە ڕوبەڕوبونەوەی یەکدا پەتی برایەتی دەپسێنن ، بەشێوەیەك ڕۆ دەچن لەدژایەتی کردنی یەکتری و پشتگیری کردنی نەفسیاندا، گەر زۆر ووریا و ورد بین نەبیت ئەوە بەئاسانی ناتوانیت لایەنی لەسەر حەق بدۆزیتەوە!.
جا ئەگەر تۆش وەك باوەڕدارێك توانای چاکسازی نێوانیانت هەیە ئەوە لەبەر خوا ناوەند گیری بکە!.
ئەگەر ئەو توانایەشت نی یە تکایە مەبە بە پارێزەری کەسیان و ، بەنزین مەکە بە ئاگرەکەداو، لەوانەیە بە نوسینێکی تۆ ئاگرەکە زیاتر خۆش بێت و ، بەو هۆیەوە کۆڵی تاوانی خۆت زیاتر قورس بکەیت و بەکەسێکی نادادگەریش بناسرێیت!.
وەدڵنیابن هەندێك کێشە هەیە لە دادگاکانی دوونیادا هەرگیز ناگەینە ڕاستیەکان ، مەگەر تەنها دادگای خوای گەورە یەکلایی بکاتەوە!
تکایە ئەگەر زمانتان ووشەی خێری پی ناوترێت!، ئەوە وازبێنن لەخراپ وتنیش!.
نوسینی" ڕەنج شێخانی