به‌خێربێت بۆ ماڵپه‌ری بانگه‌وازی ئیسلام

ئەگەر درۆ نەکەیت لە وڵاتی فنلەندا ئیقامە وەرناگریت!




ئەگەر درۆ نەکەیت لە وڵاتی فنلەندا ئیقامە وەرناگریت!

گفتو گۆیەکی نێوان من و ئەسماء ی کچم لەسەر مانەوەمان لەکەمپ داو پێ نەدانی ئیقامە لەلایەن وڵاتی فنلەنداوە!.
سوپاس بۆ خوای گەورە ماوەی دوو ساڵ و هەشت مانگە لە وڵاتی فنلەندادا لەناو کەمپ دا ژیان بەسەر دەبەین و ،بەڕێوەبەرایەتی کۆچ و کۆچ بەران و وەزارەتی ناوخۆو دەزگای هەواڵگری ئەم وڵاتە کەیسیان ڕاگرتوین!.
بۆچی و لەپێناو چی دا وامان لێ دەکەن؟، کە تائێستاش خۆشیان وەڵامی ڕاستەقینەیان لا دەست ناکەوێت و هەمووجارێك بەپاساوی ئەوەی ئێمە خەڵکی هەرێمی کوردستانین و لای ئەمانیش هەرێم ناوچەیەکی ئارامە بۆیە کەیسیشتان قبوڵ نابێت!.
بەڵام لەڕاستی دا ئەم وتانە دوورن لەڕاستی یەوەو تەنها بیانو پاساوەو هیچی تر، چونکە یاسا لەبەرامبەر مسوڵمانان دا زۆر بەئاسانی یاری پێ دەکرێت و گۆڕانکاری بەسەردێت!.
ئەمە لەکاتێکدایە کەوا بەوپەڕی ڕاستگۆیی خۆمان بەم وڵاتە ناساندوە، لەسەرەتاشدا کەیسیان قبوڵ کردین و تا ئێستاش نەتوانراوە حاشا لەڕاستیەتی کەیسەکەمان بکرێت!.
لەگەڵ ئەوەشدا سوپاس بۆ خوای گەورە لەپاش خاتو ئەسماء ی کچم خوای گەورە دوو کچی جوانی تری لەم وڵاتەدا پێ بەخشیوین!.

ئەسماء ی کچم بەهۆی ئەوەی کەوا زۆر لەهاوڕێکانی دەبینێت پاش ماوەیەکی کورت وەڵامیان دەدرێتەوەو ئیقامە وەردەگرن زۆر بە بێتاقەتی ڕۆژێکیان هاتە لام و وتی باوکە گیان بۆچی ئێمە ئیقامەمان نادرێتێ؟
منیش وتم" پەلەت نەبێت و ئارام بگرە إن شاء الله گەر خوا قسمەتی ئیقامەی پێ دابین ئەوە هەر دەمان درێتێ!.
وتی" ئاخر بۆچی هەموو هاوڕێکانم زوو ئیقامە وەردەگرن کە هەیانە دوای ئێمەش هاتوەتە ئێرە؟، کەچی پێش ئێمە دەڕۆنە ناو شاری گەورەوەو ، هەمووشیان ژووری خۆیان هەیەو ، وەك ئێمە لەژوورێکدا ناخەون!.
وتم" ئاخر کچی جوانم دەڵێن ئێوە خەڵکی هەرێمی کوردستانن و کوردستانیش وڵاتێکی ئارام و ئازادە!.
وتی" جا کەی کوردستان ئازادبو ئەی چەندجار تۆیان بانگ نەکرد پۆلیس لەوێ؟،ئەی دەریان نەکردیت لە مزگەوتەکەت و ماڵەکەشمان و ژوورەکەی منیشمان بەجێ نەهێشت!.
وتم: با ڕۆڵەگیان ڕاستەکەیت ، بەڵام ئەمان بەینیان خۆشە لەگەڵ حوکمەتی هەرێم لەبەر باوکت تێکی نادەن!.
وتی" جا خۆ زۆربەی هاوڕێکانیشم هەمووی خەڵکی کوردستان بون کە ئیقامەیان وەرگرتوە و ڕۆشتون!.
وتم" ئاخر کچی جوانم ئێمە بەڕاستگۆیی خۆمان پی ناساندون و درۆمان لەگەڵ دا نەکردون!.
وتی" واتە ئەو خەڵکە درۆ دەکات ئنجا ئیقامە وەردەگرێت؟.
وتم"ناشەرت نیە هەمووی درۆ بکات بەڵام زۆربەیان بەڕاستی خۆیان ناناسێنن!.
وتی" ئەی چۆن دەبێت مسوڵمان درۆ بکات؟،
وتم" ڕاستەکەیت نابێت مسوڵمان درۆ بکات ، بەڵام ئەم وڵاتانە خۆیان وا لە خەڵکی دەکەن درۆیان بۆ بکەن، چونکە ئەو خەڵکەش گوناهەو ئەو هەموو ڕێگە سەختە دەبڕێت و پارەیەکی زۆر سەرف دەکات و ژیانی وەك ئێمە سەختە لە هەرێمی کوردستان بۆیە نایانەوێت بیان نێرنەوە یان وەك ئێمە لەکەمپ دا بیان هێڵنەوەو مافیان پێ نەدەن!.
هەناسەیەکی هەڵمژی و وتی: بەس باوکە من دەزانم بۆ جوابمان نادەنێ!.
وتم" بۆ کچی جوانم!
وتی" چونکە تۆ ئیمامیت و مسوڵمانیت گوێم لەهاوڕێکانم بوە وایان پێ وتوم!.
لەڕاستی دا نەم توانی هیچ وەڵامێکی بەمەوە چونکە ڕاستی کردو، هەرچۆنێك بێت دڵم دایەوە!.
لەپاشان دا وتی" باوکە ئەگەر کەسێك ئیقامە وەرگرێت پێی دەڵێن چی؟
وتم" دەڵێن پۆزەتیفت بۆ هاتوە!.
پاش ماوەیەك ئەسماء لەلام ڕۆشت و منیش سەرقاڵ بوم کاتێکم زانی هاتەوە بۆ لام و هەردوو دەستی لە پشتەوە بو وتی" باوکە چاوت بنوقێنە!.
منیش چاوم نوقاندو ، پاشان وتی" ئێستا چاوەکانت بکەوە، کاتێك چاوم کردەوە سەیرم کرد بەدەستەکانی خۆی ئەم وێنەیەی وەك ئیقامەیەك دروست کردوەو وتی" ئەوە من ئیقامەم پێ دایت باوکە گیان!.
باوەڕتان بێت چاوەکانم پڕ بون لە فرمێسك و توند گوشیم بەخۆمەوەو وتم" ڕۆڵە گیان سوێند بەخوا ئەم ئیقامەیەی تۆ نادەم بە ڕەگەز نامەی هەموو ڕۆژ ئاوا، باوکت و دایکیشت کە خێزانمەو، و ئێوەش کە کچی منن، دەزانم بەهۆی منەوە زوڵمیش لە ئێوە کراوە بەڵام قەیناکە بە پشتیوانی خوا چاوەڕوانی نامەی کردەوەکانمان دەکەین لەڕۆژی قیامەت دا کە بەدەستی راست وەری بگرین و لەوێ چاوەڕوانی ئیقامەی بەهەشت دەکەین!.
تێبینی" ئەسمائی کچم تاکە مناڵە لەم کەمپەدا لە بەر زیرەکی و لێ هاتویی و زوو فێربونی زمانی ئەم وڵاتە لە قوتابخانەی فنلەندی وەرگیرابێت و لە ئێستادا لە پۆلی دووی سەرەتایی یە!.
لەگەڵ ڕێزی براتان" ڕەنج شێخانی

ده‌رباره‌ی نوسه‌ر

لێره‌ سه‌رجه‌م زانیارێكانی نوسه‌ر ده‌نوسرێت

زانیاری ده‌رباه‌ری بابه‌ته‌كه‌ Unknown : نوسه‌ر له‌ به‌رواری : الثلاثاء، 6 أكتوبر 2015
: خوێنه‌ران
كۆمێنته‌كان: 0 پێش به‌كارهێنانی یاساكانمان بخوێنه‌وه‌