به‌خێربێت بۆ ماڵپه‌ری بانگه‌وازی ئیسلام

چرپەیەك بەگوێی خوشکان و برایانم دا!!!
خوشکێك چی بەخێزانم ووت؟

خوشکە سەنگینەکەم وامەزانە جوانی پیاو یان سەروەت و سامانەکەی بەتەنها خۆش بەختت دەکات لەژیانتدا!.
ئەگەر هاوسەرەکەت ئەو شتانەی تێدا بوو بەڵام خاوەن ڕەوشت و دین نەبوو ئەوە ، وەك ئەم خوشکەت بەسەر دێت کە بەخێزانمی ووتوە؟
سوپاس بۆ خوا کە هاوسەرت دیندارەو بەجوانی مافی ژیانی خێزانداریت دەدات و تەنهاش چاوی لەسەر تۆیەو، سەرجەم ئارەزووەکانیشی بەتۆ بەتاڵ دەکاتەوە!.
بەڵام هاوسەری من زۆر لاوازە لە عیبادەتداو ، کاتێك لەبازاڕ دەگەڕێتەوە هێندە نەزەر دەکات و چاوی لەسەر ئافرەتی خەڵکە، کاتێك دێتە ماڵەوە هیچ ئارەزوو، ویستێکی بۆ من نامێنیت!.
داواکارم لەخوای گەورە لەجێی گومانی باشی ئەو خوشکە بەڕێزە حسابمان لەگەڵ بکات و ، سوپاسی خوای گەورەش دەکەین کە بەفەزڵی ئەم ئیسلامەوە سەربەرزی کردوین!
برا سەربەرزەکەم ئەگەر خوای گەورە خێزانێکی باش و جوان و خاوەن ڕەوشتی پێ بەخشیت سوپاسی خوا بکە کە تۆ زۆر نیعمەتێکی باشت بەسەردا ڕژاوە کە زۆر گەنج لێی بێبەشن!، ووریابە چاوت لەسەر ئافرەتی خەڵك نەبێت، چونکە هەم خێزانت لەپیش چاوت ناشرین دەبێت ، وە هەم خەڵکیش چاویان لەسەر خێزانی تۆ دەبێت!.

نوسینی" ڕەنج شێخانی

چرپەیەك بەگوێی خوشکان و برایانم دا!!!

بۆ ڕۆژێکی ئاوا خۆتان ئامادە بکەن؟.

وەڵامم بۆ ئافرەتێکی لوبنانی کە ئێستا لەشاری هەولێر دادەنیشێت!.
بەرواری ٦.٥.٢٠١٤ ، ئافرەتێك کە خۆی بەخەڵکی ولاتی(لوبنان) ناساند پەیوەندی پێوە کردم لەشاری هەولێرەوە بەم شێوەیەی خوارەوە کردومە بە کوردی!.

ئافرەتەکە: سڵاو
باوکی ئەسماء: سڵاو سەرچاو بەڕێزەکەم.
ئافرەتەکە: بەزمانی عەرەبی نوسی ببورە من کورد نیم عەرەبم بەعەرەبی وەلامم بدەوە لەکوردی تێناگەم!.
باوکی ئەسماء: منیش بەزمانە شەق و شڕەکەی خۆم نوسیم بەعەرەبی فەرموو بەڕێز لەخزمەتاندام!.
ئافرەتەکە: من خەڵکی لوبنانم تەمەنم ٢٣ ساڵە ، کەسێك منی هێناوە بۆ شاری هەولێر لەکوردستان تەمەنی ٣٩ ساڵە، بەڵام ئێستا زوڵمی لێکردوم تکا دەکەم ، هاوکاریم بکە!.
باوکی ئەسماء: زۆر داوای لێبوردن دەکەم بەڕێز ، من ئێستا لە کوردستان دانانیشم و، نیشتەجێی وڵاتی فنلەندام و لە ئەوروپام، بۆیە هیچم پێناکرێت بۆ بەڕێزت، داواکارم لەخوا ڕەحمت پێ بکات!.
لەوکاتەدا بانگی عەسری دا داوای ڕوخسەتم لێکرد کەوا لای من بانگی داوەو دەچم بۆ نوێژ!.
ئافرەتەکە: فەرموو کێشە نیە بڕۆ پاش نوێژ قسە دەکەینەوە!.
باوکی ئەسماء: ماڵ ئاوایم کردو، کاتێکم زانی نوسی!.
ئافرەتەکە: لەگەڵ ئافرەتانی ئەوروپا چۆنی دەگوزەرێنی؟.
باوکی ئەسماء: بۆم نوسی من خاوەنی خێزان و مناڵی خۆمم ، وە پەنجەی خێزانە حەڵاڵەکەم نادەم بە هەموو ئافرەتانی ئەوروپا!، بەڵام بۆ ئەوەی شەیتان دوام نەخات لە نوێژەکەم کۆمێنتەکەم سڕیەوەو، چوم بۆ مزگەوت، باوەڕ بکەن تا نوێژم کردووە ، خەفەتم خواردووە کەوا بۆ دەبێت ئافرەتێکی تەمەن ٢٣ ساڵی لوبنانی لەشاری هەولێر بێت؟، دەبێت هۆکار چی بێت ئەم ئافرەتە بە وێنەی راستەقینەی خۆیەوە پەیوەندی بەمنەوە کردبێت؟، دەبێت چی لەژێر سەریدا هەبێت؟،کێ ناردبێتی؟، بەهەرحاڵ زۆر خەیاڵی تریش!.
کاتێك گەڕامەوە ماڵەوە باوەشم کرد بەخێزانم داو ماچێکی ناوچاویم کرد، سوپاسی خوای گەورەم کرد کە ئافرەتێکی خاوەن ڕەوشت و ئیمانی ئاوای کردووە بە هاوبەشی ژیانم، وە بەتێرو تەسەل باسەکەم بۆ گێڕایەوە، ئیتر پێکەوە چوینە سەر پڕۆ فایلەکەی بەجوانی بۆمان ڕون بۆیەوە کە خەڵکی لوبنانە،نامەکەیم سڕیەوەو خەریك بوو بلۆکی بکەم!.
خێزانی بەڕێزم:وتی ئازیزەکەم بۆ ئامۆژگاری ناکەیت؟، بەڵکو بەهۆی ئامۆژگاریەکەتەوە خوا هیدایەتی بدات؟.
باوکی ئەسماء: خوای گەورە پاداشتی خێرت بداتەوە زۆر شتێکی باشت بیر خستمەوەو، خێرا چومەوە سەر بەشی نامەکان و ئەمەم بۆ نوسی:
لەخوای گەورە بترسە خوشکەکەم من خاوەنی خێزان و منداڵم ، تۆش بترسە لەڕۆژێك کەدەگەڕێیتەوە بۆ لای خوای گەورە، لەویادا ئەم وێنەیە کەپێش چەند ڕۆژێك لەمەو بەر برایەکی بەڕێزمان دای بەزاندبو، زۆر کاریگەری لەسەر خۆم دروست کرد، بۆم ناردوو لەکۆتایی نامەکەم دا بۆم نوسی:
ئەوە جێگای هەموومانەو بۆڕۆژێکی ئاوا خۆت ئامادە بکە!.
تا ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتەش هیچ وەڵامێکی نەداومەتەوە، داواکارم لەخوا ئەگەر شیاوی هیدایەتە هیدایەتی بدات و ئەگەر شیاویش نیە لەشەڕو فیتنەی ئەو جۆرە ئافرەتانە بەدوورمان بگرێت!.
ئەم بابەتە زۆرگرنگ بوو بەلامەوە بیخەمە پێش چاوی برایان و خوشکانی تازە پێگەشتوم کە کەوتونەتە داوی شەیتان و نەفسەوەو لەڕێگەی تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیس بوكەوە بەرەو ڕێی خراپ ڕۆشتون و،سەرەتا کەسێك لەوەیە بەناوی یارمەتی پەیوەندیت پێوە بکات بەڵام لەوەیە شتێکی تر لەژێر سەریدا بێت!.
ئەمەش یەکەم نامە نیە کە بۆم هاتووە تائێستا بەڵام کاتی هات کە هۆشداری بدەمە خوشکان و برایانی بەڕێزم کە با لەخوای گەورە بترسین و بزانین چاودێرە بەسەر بەندەکانی یەوە، دڵنیا بن ئەم ڕێگەیە ناتان گەیەنێتە ئامانج و بەختەوەری ژیانتان، تەنها ڕێی حەڵاڵ و لەدەرگاوە داخوازی دەکرێت!.

نوسینی" ڕەنج شێخانی

بۆ ڕۆژێکی ئاوا خۆتان ئامادە بکەن؟.


هەندێ پیاو کەخۆیان بونەتە بێوە پیاو ئامادە نین ئافرەتێکی بێوەژن بکەن بەخێزانی داهاتوویان!.

نەخۆشیەك ڕوی لە کۆمەڵگەی کوردەواری کردوەو زۆرجار خوشکانێك سکاڵاو شکاتی حاڵی خۆیان بۆ لای ئێمە دێنن و باسی دەکەن ،ئەویش ئەوەیە ئەگەر پیاوێك ژن تەڵاق بدات و لێی جیا بێتەوە ، یان خێزانی مردبێت ،بۆ ڕازی نابێت ئافرەتێك بێنێت هاو شێوەی خۆی کە ئەویش هاوسەری مردوە، یان جیابۆتەوەو لەبەر هۆکارێكی شەرعی لەگەڵ هاوسەری پێشوی نەگونجاوە !.
بەڕاستی دەکرێت بڵێین: سکاڵای حاڵ و گوزەرانی ئەم خوشکانەمان تەنها ئەوانەیان نین کە جیابونەتەوە لە پیاوانێك کە نەیان توانیوە مافی خێزانداریەتیان بدەن!.
بەڵکو بەداخەوە زۆرێك لە پیاوان هێندەی بەدوای ئافرەتی جوانترەوەن ، نیو هێندە بەدوای ڕەزامەندی خوای گەورەوە نین!.
زۆر ئاساییە گەنجێك کە هێشتا خێزانی دیاری نەکردبێت ، بگەڕێت بەدوای ئافرەتێکی شو نەکردوی هاوشانی خۆی، بەڵام دەبێت بۆچی پیاوێك کە خۆیشی بوە بەبێوە پیاو ئامادە نەبێت خوشکێکی بێوەژن بهێنێت؟
لە کاتێکدا لەنێو ئەو خوشکانەی کە جیابونەتەوە تیایاندایە زۆر دیندارترو ناسك ترو جوانتریشن لە کچانێکی تازە پێگەشتو!
بەڵام بەهۆی کاریگەری ئەو داب و نەریتە نەشیاوەی کۆمەڵگەوەیە کەبوەتە ڕێگر لەبەردەم ئەو پرۆسەیەداو ، نەك هەر ئەوان بەڵکو زۆرجار گەنجانێکیش کە ویستویانە ژیانی هاوسەری لەگەڵ خوشكێکی بێوەژندا دروست بکەن بەڵام بەهۆی ڕێگری کەسوکاریەوە ڕێی لێگیراوە، تەنانەت جاری وا هەبوە کوڕ بۆ رازی کردنی کەسوکاری درۆی کردوە لەگەڵیاندا، تا ڕازیان بکات!.
ئەمە لەکاتێکدایە کەوا ئەگەر ئافرەتێك ژیانی هاوسەری لەگەڵ پیاوێکدا بەستبێت و جیا بوبێتەوە، یان هاوسەری یەکەمی مردبێت ئەوە زیاتر تەجروبەی ژیانی بۆ دروست دەبێت و چاکتر دەتوانێت ڕێز لە هاوسەری دووەمی بگرێت و قەدری بزانێت و بەهەڵەکانی پێشتریدا بچێتەوەو ، سەرجەم ئەو بۆشاییانەی ڕابردوی پڕبکاتەوەو بەهەنگاوێکی پتەوترەوە بچێتەوە پێش بۆ ژیانی داهاتوی!.
یان ئەگەر پیاوێك لەخێزانی یەکەمی منداڵی هەبوبێت و لای خۆی بمێنێتەوە ، ئەوە ئافرەتێکی بێوەژن زیاتر دەتوانێت هاوکاری بێت لە گەورەکردن و خزمەت کردن و پەروەردەکردنی منداڵەکانیدا نەك ئافرەتێکی شو نەکردو کەوا هێشتا نازانێت چۆن ژیانی هاوسەری بەڕێ بکات!.
بەڕاستی لەئاینی پیرۆزی ئیسلامدا زۆر بەگرنگی باس لە چاکەکردن و یارمەتیدان و بەدەمەوە چونی ئافرەتانی بێوەژن کراوەو، لەناو ئەو چاکانەشدا دروستکردنی ژیانی هاوسەری یە لەگەڵیاندا لەبەر خاتری خوای گەورە، کەدڵنیابن هەر برایەك لەبەر خاتری خوای گەورە خوشکانێکی بێوەژن مارە بکات و بیخاتە ژێر سێبەری خۆیەوە ، ئەوە دڵنیابێت خوای گەورەش بەچەندین قات پاداشتیان دەداتەوەو بەختەوەری دوونیاش دەبن و لە دواڕۆژشیدا خوای گەورە پاداشتی خێریان دەداتەوە!.
ئەوەی کە ماوە بیڵێم: بەڕاستی بەداخەوەین بۆ کۆمەڵگەیەك کە چەندین ئافرەتی ڕۆژئاوایی خاوەن نامەم مارەکردوە لەگەنجانی کورد لە وڵاتانی ئەوروپا بەهۆی ئەوەی کە چاوی کەسوکاریان لەسەر نەبوە، ئافرەتیان مارە کردوە نەك بێوەژن بوە بەڵکو چەندین دەستیشیان کردوەو چەندین ساڵیش لەخۆیان گەورەتر بون!.
ئایا ئەم گەنجە ڕازی دەبێت خوشکێكی بێوەژنی مسوڵمانی هاوزمانی خۆی مارە بکات کە ئەوپەڕی شەرم و حەیاو جوانی لێ دەتکێت؟.
بۆچی دەبێت بێوە پیاوەکانیشمان بەچاوێکی کەمەوە سەیری ئەو خوشکانەمان بکەن؟.
مەگەر زۆرێك لەخێزانەکانی پێغەمبەری خوا (صلی الله علیە وسلم) بێوەژن نەبون و چەندین ساڵیش لە پێش پێغەمبەری خواوە لەدایك نەببون؟.
لە کۆتایی دا: هیوادارم کەوا ئەم دیاردە نەشیاوە بەرەو بنبڕکردن بچێت و پیاوانیش تەنها لەغەمی خۆیاندا نەبن و چاویان لەو خوشکە بێوەژنانەشمان بێت کە بە ئاواتەوەن شەوێك لەژێر سێبەری پیاوێکی هاوشانی خۆیاندا بەرنەسەر!.
وە کەسوکاریش بانەبنە ڕێگر لەبەردەم ئەو پرۆسەیەدا چونکە هەموو ئەو ئافرەتە بەڕێزانە بەشێکن لە کەسوکاری ئێمەو هیچ خێزانێکی گەورە نیە کەوا ئافرەتێکی بێوەژنی تێدا نەبێت، ئیتر ئەوکات چۆن حەزدەکەین ئافرەتەکانی خۆمان بچنە نێو ژیانی هاوسەریەوە ، دەبێت دڵنیابین کەسوکارەکانی ئەوانیش خۆشحاڵن بەوەی کەوا کچەکانیان بەتەنیایی نەمێننەوە!.

نوسینی" ڕەنج شێخانی

هەندێ پیاو کەخۆیان بونەتە بێوە پیاو ئامادە نین ئافرەتێکی بێوەژن بکەن بەخێزانی داهاتوویان!.



زۆرن ئەو پیاوانەی کە هیچ ڕویەکی خۆشیان نییە بۆ خێزانیان!
بەڵام لەپشتی کۆمپیوتەرەوە دڵ خۆشی ئافرەتانی تر دەدەنەوە!
بەڕاستی نەنگی و شەرمەزارییە بۆ پیاوێك کەوا تا کاتێك خێزانی دەوێت ، کە سەرەتای ژیانی هاوسەریەو، وەك پێی دەوترێت مانگی هەنگوینی خۆشەویستی خۆی بۆ خێزانی دەردەبڕێت!
ئیتر ووردە ووردە خۆسەویستی دەربڕینی کاڵ دەبێتەوەو، بەچاوێکی کەمەوە سەیری خێزانی دەکات!.
بەڵام لە ئیسلامدا ئافرەت ، تەنها چەند ڕۆژێك یان چەند مانگێك یان چەند ساڵی سەرەتا مان نییە پێی بوترێت ڕۆژی هەنگوینی بەڵکو تاوەکو زیاتر ژن و مێرد پێکەوە ژیان بەرنە سەر زیاتر خۆشەویست دەبن لای یەك!.
پیاوێك پێی دەوترێت خاوەن ڕەوشت و ئیمانی جوان کە لەپاش ١٠ ساڵ بۆ ٢٠ ساڵ ژیانی هاوسەری هەمان خۆشەویستی سەرەتای هەبێت بۆ خێزانی بەڕێزیان ، وە هەموو کات و ساتێك لێو بەخەندەو خەم ڕەوێن بێت بۆ خێزانی، بەتایبەتی لەوکاتانەی کە خێزانی پێویستی بە هاوسەریەتی!.
لێرەدا پرسیارێك دێتە پێشەوە ، ئەویش ئەوەیە ئایا ئەگەر پیاوێك نەتوانێت خێزانی خۆی بەختەوەرو دڵ خۆش بکات، ئایا دەتوانێت هیچ ئافرەتێکی تر دڵ خۆش بکات؟.

نوسینی" ڕەنج شێخانی

زۆرن ئەو پیاوانەی کە هیچ ڕویەکی خۆشیان نییە بۆ خێزانیان!


ئافرەتانی مسوڵمانی بەشەرەفی کورد کۆڵەکەی پتەو و لەبن نەهاتوی پیاوەکانیانن و خوشکانی مسوڵمان بوی وڵاتانی هەندەرانیش تاجی سەری ئێمەن!.

بەڕاستی زۆر وڵات گەڕاوم و زۆر ئافرەتی وڵاتانی تریشم بینیوە لە هەموو ئەوسەفەرانەی کردومە لە دەساڵی ڕابردوودا بۆ زۆرێك لە وڵاتانی ئەوروپا تاوەکو ئێستاش ، نەم بینیوەو پێم شك نایەت بەگشتی هیچ ئافرەتێك هێندەی ئافرەتانی مسوڵمانی بەحەیاو شەرمی میللەتی کورد کۆڵ هەڵگرو کۆڵەکەی پتەوی لەبن نەهاتوی پیاوەکانیان بن!.
لە گەڵ ئەو پەڕی ڕێزو خۆشەویستیم بۆ ئەو برا بەڕێزانەم کە خێزانیان کورد نییەو ، خەڵکی وڵاتانی ترن، چونکە ئەم ووتەیەی من تەجروبەیەی ژیانی خۆمە،لەچەندین وڵاتی ئەوروپی و ئاسیایدا ،سەبارەت بە ئارام گرتن و بەدەمەوە چونی ئافرەتانی کوردە لەسەر ئازارەکانی ژیان،شان بەشانی پیاوەکەی، کە هەمیشە لەگەڵ غەمی پیاوەکانیاندا بون و پشتیان بەرنەداون!.
وە دەش زانم زۆر ئافرەتی مسوڵمانی ئەوروپیش مولتەزیم ترو دامەزراوترن لە زۆرێك لە ئافرەتانی لای ئێمە ، لە پاش ئەوەی دەگەڕێنەوە بۆ لای خوای گەورە!.
کە پێویستە ئافرەتانی مسوڵمانی کورد لەپێشتر بن بۆ دامەزراوییان لە باڵاپۆشیداو لەم ڕووەوە چاو بکەن لەو ئافرەتە بەشەرەفانەی وڵاتانی ئەوروپا کە لەوپەڕی خراپەکاری و تاوان و ڕوت و قوتیدا ، کاتێك دەگەڕێنەوە بۆ لای خوای گەورەو تەوبە دەکەن و دەبن بە مسوڵمان، بە شێوازێك دەگۆڕێن لە ڕوی ئیمان و داپۆشراوی یانەوە زۆر لەپێشترن لە زۆرێك لە ئافرەتانی وڵاتانی مسوڵمان کە هەڵگری پەیامی ئیسلامین ئەو شێوازەیان تێدا نابینرێت بەداخەوە!.
وە پێویستیشە خوشکانی تازە گەڕاوەی وڵاتانی هەندەرانیش لەڕوی ژیانی هاوسەری و ڕێزگرتنی پیاوەکانیانەوەو، بەشداری کارایان لە غەم و ناڕەحەتیەکانی پیاوەکانیان چاو بکەن لە ئافرەتانی بەشەرەفی میللەتی کورد، کەبەم شێوەیە هەردوولا دەبنە تەواوکەری یەك بۆ دروست کردنی خێزانێکی پتەو کە جیهان پێی سەرسام ببێت!.

نوسینی" ڕەنج شێخانی

ئافرەتانی مسوڵمانی بەشەرەفی کورد کۆڵەکەی پتەو و لەبن نەهاتوی پیاوەکانیانن و خوشکانی مسوڵمان بوی وڵاتانی هەندەرانیش تاجی سەری ئێمەن!.




به‌خته‌وه‌ریه‌کانی ژیانی خێزانداری  له‌نێوان ژن و مێرد دا!

برای به‌ڕێزم : گه‌ر ببیته‌ خاوه‌نی خێزانێکی جوانی باڵا به‌رزی قه‌د باریکی چاو شینی پێست ناسکی جوان!، یان هه‌ر شێوه‌یه‌ك له‌شێوه‌ جوانه‌کانی ئافره‌ت که‌ تۆ به‌دڵته‌!

به‌ڵام گه‌ر خاوه‌ن ئیمان نه‌بێت و ڕێزی لێ نه‌گریت و هاوڕاو هاوده‌مت نه‌بو وه‌ به‌ده‌م کێشه‌و ناڕه‌حه‌تیه‌کانته‌وه‌ نه‌هات و سۆزو میهره‌بانی بۆت ده‌ر نه‌بڕی ، دڵنیابه‌ له‌خه‌ساره‌ت مه‌ندیدایت نه‌ك ژیانێکی به‌خته‌وه‌ری!


خوشکی بەڕێزم: گەر ببیتە خاوەنی هاوسەرێکی باڵا بەرزو قۆزی جوان و خاوەن پارەو سامانێکی زۆر، یان هەر شێوەیەك لەو شێوانەی تۆ بەدڵتە!

ئەوا دڵنیابە ناتوانێت بەختەوەرت بکات گەر خاوەن ڕەوشتێکی جوان و دیندار نەبێت!
چونکە پیاوی خاوەن باوەڕو ڕەوشت جوان ، گەر خۆشی ویستی ڕێزت لێدەگرێت وە گەر خۆشیشی نەویستی ستەمت لێناکات.

نوسینی" ڕەنج شێخانی

به‌خته‌وه‌ریه‌کانی ژیانی خێزانداری له‌نێوان ژن و مێرد دا!





دەر ئەنجامی خیانەتی ئافرەت لە هاوسەرەکانیان!
ئەو ئافرەتەی کە گرنگی نادات بە هاوسەری و خۆشەویستی بۆ دەرنابڕێت و خۆی ناڕازێنێتەوە بۆی!.
ئەوە دڵنیابێت کە ئافرەتی تر زۆرە کە جوانیەکانی خۆیان دەرخەن بۆ هاوسەری!
وە لەجیاتی ئەو سۆزو خۆشەویستیی بۆ دەربڕن و ئەو بۆ شایی یەی بۆ پڕ بکەنەوە!.

ڕەنج شێخانی

دەر ئەنجامی خیانەتی ئافرەت لە هاوسەرەکانیان!





سەرەنجامی خیانەتی پیاوان لە خێزانەکانیان!

ئەو پیاوەی لەپشتی کۆمپیوتەرەوە خۆشەویستی بۆ ئافرەتێكی نامەحرەم دەردەبڕێت و، خێزانیشی لە سەرجەم خۆشەویستیەکانی ژیانی بێ بەشە!.

با بزانێت کەوا پیاوێکی نامەحرەمیش هەیە کە لە پشتی ئەوەوە، خۆشەویستی بۆ خێزانەکەی ئەم دەربڕێت و ئەو بۆشاییە بۆ خێزانی پڕ بکاتەوە!.

ڕەنج شێخانی

سەرەنجامی خیانەتی پیاوان لە خێزانەکانیان!

بێگومان ژیانی خێزانداری یەکێکە لەسوننەتە گەورەکانی پێغەمبەران علیهم الصلاة والسلام دەبێت ئێمەش چاو لەوان بکەین وەك سەر مەشق تا بزانین چۆن توانیویانە مامەڵە لەگەڵ ئەو هەموو خێزانەدا بکەن نەك یەك دانە کە ئێستا بەهۆی دوورکەوتنەوەمان لەو سەرمەشقانە نازانین چۆن مامەڵەیان لەگەڵ بکەین خوای گەورە دەفەرمووێت:وَمِنْ آيَاتِهِ أَنْ خَلَقَ لَكُم مِّنْ أَنفُسِكُمْ أَزْوَاجًا لِّتَسْكُنُوا إِلَيْهَا وَجَعَلَ بَيْنَكُم مَّوَدَّةً وَرَحْمَةً ۚ إِنَّ فِي ذَلِكَ لَآيَاتٍ لِّقَوْمٍ يَتَفَكَّرُونَ (الروم:٢١)
واتە: یه‌کێك له‌ نیشانه‌و به‌ڵگه‌کانی تری خوا ئه‌وه‌یه‌: که‌ هه‌ر له‌ خۆتان هاوسه‌ری بۆ دروست کردوون بۆ ئه‌وه‌ی ئارام بگرن له‌لایداو له‌ نێوانتاندا خۆشه‌ویستی و سۆزو میهره‌بانی فه‌راهه‌م هێناوه‌، به‌ڕاستی ئا له‌و دیاردانه‌دا نیشانه‌و به‌ڵگه‌ هه‌یه‌ بۆ که‌سانێك بیرده‌که‌نه‌وه‌و تێده‌فکرن.
کەوابو خوای گەورە کاتێك باس لە زەواج دەکات باس لەخۆشەویستی و سۆزو میهرەبانی دەکات، ئافرەت شو ناکات بۆ ئەوەی ژیانی بۆ دابین بکرێت بەتەنها لە ڕوی مادی یەوە بەڵکو شودەکات تا لەڕوی مەعنەویشەوە مورتاح بێت و کەسێك هەبێت بتوانێت بە شێوەیەکی گشتی نهێنیەکانی خۆی لا باس بکات و لەژێر سێبەری پیاوێکدا بحەسێتەوە برا بەڕێزەکەم ،دەیەوێت پیاوەکەی هاودەم و گوێگری بێت بۆ غەمەکانی نێو دڵی ،هەرکات بەڕێزتان گوێتان گرت بۆ موعاناتی خێزانت و هەمیشە قسەی خۆتت زاڵ نەکرد بەسەریدا ئەوە تۆ دەبیتە باشترین کەسێك کە هەرگیز نهێنیەکانی خۆی لای کەسی تر بێ لە تۆ نادرکێنێت!.
وە شەرتیش نییە هەمیشە وتەکانیت بەدڵ بێت، بەڵکو دەبێت زۆر بە ووریایانەو بەحیکمەتانە هەڵەکانی بۆ ڕاست بکەیتەوەو ڕێگای ڕاستی پیشان بدەیت، جار جارەش گەر زانیت سەرپێچیەکەی دەچێتە ڕیزی نافەرمانی خواو پێغەمبەری خواوە صلی الله علیە وسلم ، ئەوە دەبێت لەڕێی توڕەیی خۆتەوە بۆی ڕاست نەکەیتەوە بەڵکو دەبێت بەپێی بەڵگەکانی قورئان و سوننەت و ووتەی زانایان لەوبارەوە هەڵەکەی بۆ ڕاست بکەیتەوە،بەشێوەیەك کەوا لە جیاتی ترسی تۆ، ترسان و لەخوا ترسانی بۆ دروست بکەیت، ئەگەر واتان کرد ئیتر تۆ پێویست ناکات لەخێزانت بترسیت، چونکە هەمیشە تۆ لای خێزانت نیت تا ئاگات لێی بێت!.
بەڵام هەمیشە خوای گەورە چاودێرە بەسەر بەندەکانی یەوەو ، ئەویش بەو هۆیەوە خۆی دەپارێزێت لە کارو کردەوەی ناشەرعی و تۆش و ئەویش ئاسودە دەبن لە ژیانتاندا!

ئەگەر بەو شێوەیەش سودی نەبو لەپاش ئامۆژگاری کردنی ئەوە هەوڵدەدەیت مامەڵەت بگۆڕیت بەجیا کردنەوەی جێگەی خەو لێی لەماڵی خۆتدا نەك خەڵکی پێتان بزانێت و دەبێت هەتا دەتوانیت نەیەڵیت کەسی سێ یەم بێتە نێوانتان، چونکە کەسەکە گەر کەسوکاری تۆ بێت ئەوە پشتگیری تۆ دەکات، وە ئەگەر کەسوکاری خێزانت بێت ئەوە پشتگیری خێزانت دەکات، بەڵکو گەر ویستان کێشەیەك چارەسەر بکەن بە ویستی هەردووکتان کەسێکی دادپەروەرو چاك کە هەردووکتان لێی ڕازی بن با بێتە نێوانتان و قسەی خێر بکات لەسەر کێشەکەتان!. بەڕاستی برام جیاکردنەوەی جێی نوستن چەندێك بۆ پیاو ناخۆشە ئەوە چەندین قات بۆ ئافرەت ناخۆشترە، چونکە پیاو بەهۆی چونە دەرەوەی لەگەڵ کەسانی تردا مامەڵە دەکات و کێشەکەی لەبیر دەچێتەوە، بەڵام ئافرەت زۆر لەسەر دڵی تەنگەو گەر بش زانێت پیاوەکەی زۆری بۆ دێنێت ئەوە خۆی پێ ناگیرێت و یان دێتەوە لای هاوسەری و پەشیمان دەبێتەوە لەو ناشەرعیەی کە کردویەتی یان ئیتر ژیانی خراپتر دەبێت!.
پاشان بەوەش گەر سودی نەبو هەر بەردەوام بو لەسەر کاری ناشەرعی و گوێڕایەڵی هاوسەری نەبو ئەوە گەر ویستتان لێی بدەن دەبێت بەشێوەیەك بێت کە تەنها وەك ووریا کردنەوە بێت نەك ئازار پێگەیاندنی و دەست نیشانکردن لە لاشەی داو ، ئەمە پێچەوانەی شەرعەو سنورتان بەزاندوە!.
ئەگەر ئەمەش سودی نەبو ئەوە ئەوکات کۆتا مەرحەلە بەکار دەهێنرێت کەوا دوو کەسی باش لە خزمانی هەردوولا دێن و کەسی خێزانت قسە لەگەڵ تۆدا دەکات و کەسی تۆش لەگەڵ خێزانتدا قسە دەکات ، تا سوڵحی نێوانتان بکات ئیتر گەر نەگەشتنەوە یەك ئەوا دیارە ئەم ژیانی خێزانداریە سەرکەوتو نی یە خوای گەورەش زاناترە لەو بارەیەوە.
کەوا بو برا گیان نابێت هەندێك ووتە کەبزانن دەبێتە گەرد لەسەر دڵی خێزانت ، وەك تەعلیق لێدان یان وتنی ئەوەی ماس ڕەشە هەر دەبێت ڕەش بێت !، بەڵکو ماست کە سپی بو نابێتە ڕەش، واتە شەرت نییە بەردەوام تۆ لەسەر حەق بیت ، بەڵکو زۆر ئاساییە کە هەڵەت کرد داوای لێبوردنی لێبکەیت، دڵنیابە ئافرەت بەهۆی سۆزیەوە هیچی لەدڵدا نامێنێت و زیاتر خۆشەویست دەبن لای نەك بڵێن : بەخوا لەخۆی بایی دەبێت!.
دەبێت تۆ ئەو فێری ئەوە بکەیت کە هەرکات هەڵە بکات داوای لێبوردنتان لێبکات ، ئەمەش گەر خۆت ئەنجامی نەدەیت چاوەڕوانی ئەو مەبە!. کەوابو ژیانی خێزانداری بەتێگەشتن و گفتو گۆو ڕێك کەوتنی نێوانی هەردولا بەشێوەیەك کە گوێ بۆ ئازاری یەك بگرن و ڕێز لە ڕاو بۆچونی یەك بگرن و خێزانت تەداخول نەکات لەکاری دەرەوەتدا وە بەڕێزیشت لەکاری ناوماڵیدا بەتایبەتی شت و مەکی ناوماڵ زیادە ڕەوی مەکە لە بەرامبەریدا، ئەوە زۆر بەئاسانی چارەسەر دەبێت کێشەکانتان ، نەك بەزاڵ کردنی ڕای خۆمان لەشتانێکدا کەوا تەنها لایەنی نەفسەو پەیوەندی بەشەرعەوە نی یە!.
خوای پەروەردگار ژیانی بەڕێزتان و سەرجەم مسوڵمانان بەختەوەر بکات و تەبایی و یەك ڕیزی بخاتە نێوانتانەوە!.
لەگەڵ ڕێزی براتان: باوکی ئەسماء

چۆن مامەڵە لەگەڵ خێزانمدا بکەم؟ ، لەکاتێکدا من حاڵەتی توڕەبونم هەیە!.


نوسینی: باوکی ئەسماء

یەکێك لەگەورەترین کێشەکانی ژیانی هاوسەری، هەڵبژرادنی کوڕو کچەکانمانە بە پێی بیرکردنەوەی خۆیان یان تەنها جوانی ڕوخساری کچ و کوڕە!.
سروشتی زۆرێك لە ئافرەتان وایە کە شو بکات بە پیاوێك باڵای بەرز بێت و قۆز بێت و لەناو خەڵکیدا ناو و ناوبانگی هەبێت و دەوڵەمەندو خاوەن سامان بێت!.
ئیتر وادەزانێت بەختەوەرکردنی تەنها لەو ڕێگەیەوە دەبێت!، کە نازانێت دەکەوێتە هەڵەیەکی گەورەوە، ئەگەر ئەو کوڕەی هەڵی دەبژێرێت خاوەنی دوو سیفەت نەبێت کە پێغەمبەری ئیسلام(صلی الله علیە وسلم) بۆی دیاری کردوین کە ئەویش باوەڕدارو خاوەن دین و خاوەن ڕەوشتی جوانە!.
بۆیە گەر کوڕێك ئەو دوو سیفەتەی تێدا نەبێت ئەوە لە داهاتودا پاش چەند ساڵێك ئافرەتەکە باجی ئەو هەڵەیەی دەدات، کاتێك دەبینێت هاوسەری بەهۆی جوانیەکەیەوە سەرنجی ئافرەتانی تر ڕادەکێشێت و مال و سامانەکەی بەردەمیشی دەبێتە هۆکار بۆ دروست کردنی پەیوەندی ناشەرعی لەگەڵ ئافرەتانی تردا!.
بەڵام ئەگەر کوڕەکە خاوەنی ئەو دوو سیفەتە بوو، ئەوە هەرگیز بیری خیانەت بەبیرو هزریدا نایەت لەترسی خوای گەورە و ئارامیش دەگرێت لەسەر کەم و کورتیەکانی خێزانی!.
کەوابو دەبێت ئافرەتان پێش ئەوەی بیر لەم سیفەتانە بکاتەوە ، لەسەر ئەو ڕێگایانە هاوسەری داهاتوی هەڵبژێرێت کە پێغەمبەری خوا (صلی الله علیە وسلم) باسی کردوە!.
هەروەها سەبارەت بە زۆرێك لە کوڕانیش تەنها چاویان لەسەر جوانی ڕوخساری ئافرەتێکە یان تەمەن بچوکتر بەچەند ساڵێکی زۆر لە خۆی، بەڵام ئەگەر ئەم ئافرەتەش باوەڕدارو خاوەن دین نەبێت!،ئەوە کوڕەش پاش بەسەر بردنی ژیانی هاوسەری لەماوەیەکی کورتدا پەنجەی پەشیمانی دەگەزێت!.
پاش ئەوەی سەیر دەکات ئافرەتەکە چونکە جوانەو تەمەنی جیاوازی زۆرە لەگەڵ هاوسەریدا، ئیتر لە خۆی بایی دەبێت و خۆی با دەدات بەسەر پیاوەکەیداو ژیانی لێ دەکات بەژان!.
ڕاستە ئافرەتان لەبەر چوار سیفەت داخوازی دەکرێن کە ئەویش ، جوانی و دەوڵەمەندی و خاوەن نەسەب و خاوەن ئیمانێکی جوانە، بەڵام دەبینین پێغەمبەری خوا(صلی الله علیە وسلم) فەرمووی : من چوارەمم هەڵبژراد، واتە ئەوەیان کە دیندارە!.
چونکە ئافرەتی دیندار پارێزەرو قەڵغانی پیاوەکەیەتی و هاودەم و هاو سۆزو هاو غەمی هاوسەریەتی، هەرگیز کارێك ئەنجام نادات کە پیاوەکەی ناڕەحەت یان بێزار بکات، ئارام گرە لەسەر نەبونی و کەم دەستی هاوسەری،وەك چۆن ڕێز لەکەسوکاری خۆی دەگرێت ئاوەهاش ڕێز لە کەسوکاری هاوسەری دەگرێت، لەگەڵ ئەوەشدا کەس نایەنێتە سەر جێگەی پیاوەکەی چونکە داوێنی تەنها لەخزمەتی پیاوەکەیدایە!.

هەڵبژاردنی هاوسەر یان خێزان لەسەر جوانی ڕوخسار بە تەنها گەورەترین هەڵەیە!.


حیجاب تاج و ڕێزە، گەوهەرێکی بەنرخە بۆئافرەتان، بابەتێکی کاریگەر بۆ ئەوئافرەتانەی باڵا پۆش نین


حیجاب تاج و ڕێزە، گەوهەرێکی بەنرخە بۆئافرەتان، بابەتێکی کاریگەر بۆ ئەوئافرەتانەی باڵا پۆش نین

سەیرێکی ژیانی (ئاسیە)ی خێزانی فیرعەون بکەن و ئەوکات بڕیار بدەن! 




هەندێك لەخوشکانی بەڕێزم بەهۆی ئەوەی هاوسەریان نەماوە یان جیا بونەتەوە یان تا ئێستا شویان نەکردووەو تەمەنیان بەرەو سەر دەچێت، وە بەهۆی تێڕوانینیان بۆ ژیانی هەندێك لەو کوڕو کچانەی کە ژیانی هاوسەریان پێك هێناوە و،یان کاریگەری کەسە نزیکەکانیانەوە یان هاوڕێ و خزم و کەسوکارەوە کەسەرزەنشتیان دەکەن و، لەڕوی دەرونیەوە ئازار دەچێژن و بەو هۆیەوە بێتاقەتی یەکی زۆر ڕویان تێدەکات و، شەیتان لەڕێی بیری خراپەوە وایان حاڵی دەکات کە ژیان بۆیان هیچ مانایەکی نیەو ، زۆربەیان ئاوات بە مەرگ دەخوازن و ئاواتە خوازن ڕۆژێك زوتر ڕزگاریان ببێت لەو ژیانە سەختەی کە بەسەری دەبەن!. ئیتر بیریان لای ئەوە نامێنێت کەوا خوای گەورە ژیان و مردنی دروست کردووە، تاوەکو تاقیمان بکاتەوە یان بەڵاو موسیبەت و ناڕەحەتیمان بۆ دەنێرێت تاوەکو پاك و پیس لەیەك جیا بکاتەوەو ڕاستگۆو درۆزن بپاڵێوێت و،ئێمەش دەبێت ئارام بگرین و مل کەچی و بەندایەتی بۆ خوا زیاتر دەربڕین و ئەنجام بدەین و کۆڵی قورسمان تەنها بە دوونیاوە هەڵ نەگرین و ، هەموو ئاوات و ئامانجێکمان لە خۆشیەکی کاتی دوونیا بۆ دواڕۆژێکی هەمیشەیی و ژیانێکی راستەقینە بێت کەبمان گەیەنێتە ڕادەی دڵنیایی یەقین!. بۆیە دەبینین لەقورئانی پیرۆزدا ، بۆ دڵ دانەوەی دڵی ئەو بەندانەی کەوا بە چیرۆك و پەندوو ئامۆژگاریەکانی قورئان دڵیان ڕادەچڵەکێت و وەك شیفایەك وایە بۆ دەردو خەمەکانیان باسی ژیانی ، ئافرەتێکی وەك (ئاسیە)ی کچی(مزاحم) مان بۆ دەکات کە ژنی گەورەترین و بەناوبانگترین کەسی سەر زەوی بووە لە کاتی خۆی دا، کە ئەویش( فیرعەون) بووە، کە خۆی بەخوا ناساندوەو ، تاجی شاژنیەتیشی خستۆتە سەر خێزانە خۆشەویستەکەی، کە زۆری خۆش دەویست ، لەگەڵ ئەوەی منداڵیشی نەدەبوو ئامادە بوو لەبەر دڵی خاتو(ئاسیە) ئەو منداڵەی کە دەبووە هۆکاری لەناوبردنی(فیرعەون) و دەسەڵاتەکەیشی کە پێغەمبەری پایە بەرز(موسا) بوو علیە السلام ،لای خۆی گەورە بکات!. ئەگەر ئەم حاڵەتە بۆ هەر ئافرەتێك ڕوبدات لە ئێستادا پێی دەوترێت شاژنی ناو ژنانی سەر زەوی و ، بە بەختەوەرترین ئافرەت ناوی دەبرێت لە لایەن ڕاگەیاندنەکان و خەڵکیەوە!. بەڵام خاتو(ئاسیە) بە پێچەوانەوە ، ژیانی دوونیاو شاژنێتی و خۆشیە کاتیەکانی دوونیای واز لێ هێناو ژیانێکی ڕاستەقینەو دڵنیایی هەمیشەیی هەڵبژاردو ، تاجی شاژنێتی دوونیای فڕێدا بۆ هاوسەریەتی خۆشەویسترین کەسی خوا لەناو بەهەشتی پان و بەریندا کە هەندێك لەزانایان دەفەرموون: دەبێتە خێزانی پێغەمبەری ئیسلام (محمد) صلی الله علیە وسلم لە ناو بەهەشتداو، لەجیاتی ناوبانگی شاجوانی دوونیا ، بوو بەیەکێك لە ئافرەتە ناودارو گەورەکانی ناو بەهەشتی پان و بەرین. سەبارەت بە سەرگوزەشتەی ئەم خاتونە سەنگین و بەشەرمە خوای گەورە دەفەرمووێت: (وَضَرَبَ ٱللَّهُ مَثَلٗا لِّلَّذِينَ ءَامَنُواْ ٱمۡرَأَتَ فِرۡعَوۡنَ إِذۡ قَالَتۡ رَبِّ ٱبۡنِ لِي عِندَكَ بَيۡتٗا فِي ٱلۡجَنَّةِ وَنَجِّنِي مِن فِرۡعَوۡنَ وَعَمَلِهِۦ وَنَجِّنِي مِنَ ٱلۡقَوۡمِ ٱلظَّٰلِمِينَ) (التحريم :١١) كوفری كافر زیان نادا له‌ ئیمانی ئیماندار:هه‌روه‌ها خوا نموونه‌یه‌ك به‌ ژنه‌كه‌ی فیرعه‌ون (ئاسیه‌)ی كچی (مزاحم) دێنێته‌وه‌ بۆ ئه‌وانه‌ی باوه‌ڕیان هێناوه‌، ئه‌و ژنه‌ ئیمانداره‌ هه‌رچه‌نده‌ نزیكی فیرعه‌ون بوو، به‌ڵام فیرعه‌ون هیچ سوودو كه‌ڵكێكی له‌ باوه‌ڕه‌كه‌ی وه‌رنه‌گرت و، ئه‌میش چونكه‌ ناچاربوو كوفری فیرعه‌ون زیانی به‌ ئیمانه‌كه‌ی نه‌گه‌یاند ، كاتێ وتی: په‌روه‌ردگاره‌كه‌م ! لای خۆت له‌ به‌هه‌شتدا ماڵێكم بۆ دروست بكه‌ ،وه‌ له‌ ده‌ست فیرعه‌ون و كرده‌وه‌كانی ڕزگارم بكه‌ ، وه‌ له‌ ده‌ست ئه‌و هۆزه‌ سته‌مكارانه‌ش رزگارم بكه‌. (ته‌فسیری ڕامان). کەوابوو خوشکی بەڕێزم ،شەرت نییە هاوسەرو ماڵی دوونیا و خۆشی و ڕابواردنە کاتیەکانی دوونیا بەختەوەرت بکات ، وەك چۆن خاتو(ئاسیە)ی بەختەوەر نەکردوو، سەرەنجام گەشت بە پلەی بەرزی خوا ویستی خۆی و کە سەرجەم ئاواتەکانی لەژیانێکی هەمیشەیی دا بۆ فەراهەم هێنراوە بە ویستی خوا،وە بیرو باوەڕی ئەم خاتونە زۆر بەهێز بوو، وە ئارامیشی گرت لەسەر ناڕەحەتیەکانی دوونیاو تا گەڕانەوەشی بۆ لای خوای گەورە، بۆیە لە پێش مردنی داوای ماڵێکی خۆش دەکات لە بەهەشتدا لە نزیك خوای گەورەداو، ئێستاش وا مۆ ماوەی چەند هەزار ساڵێکە ئەو خاتونەش گەڕاوەتەوە بۆ لای خواو ، ئەو خۆشەویستەشی کە داوای کرد ببێتە هاوسەری هەر گەڕاوەتەوە بۆ لای خوا!. من و تۆش ڕۆژێك دەبێت ئەم دوونیا کاتی یە بە جێ بهێڵین ئەگەرچی ژیانی هاوسەریش پێك بهێنین لە دوونیادا، لەبەر ئەوەی ئێرە تەختی شانۆیەکەو دوای تەواوبونی دەورمان دەبێت جێی بهێڵین!. گرنگ ئەوەیە بەڵاو ناڕەحەتیەکانی دوونیا تێکمان نەشکێنێت و دوورمان نەخاتەوە لە پەرستنی خوای تاك و تەنهاو بێ هاوتاو ،ئاراممان نەمێنێت و هەوڵ دەین بەڕێگەیەکی ناشەرعی بگەین بە ئاواتەکانمان و خۆشیەکی هەمیشەیی لەدەست بدەین!. هیوادارم ئەم کورتە باسە کەمێك زاخاوی دڵی ئەو خوشکانەم بداتەوە کەوا بە ئاواتەوەن ژیانی هاوسەری پێك بهێنن لە دوونیادا، بەڵام تا ئێستا خوای گەورە خستونێتیە ژێر تاقی کردنەوەوە، دڵنیابن گەر لەم دوونیاش نەگەن بە ئاواتی خۆتان ئەوە لە ناو بەهەشتی خوای گەورەدا دەگەن بە کوڕێکی گەنجی جوانی ڕەبەنی دوونیا کە بە ئارەزوو ویستی خۆتان هەڵی بژێرن!. وەك پێشینانیش فەرموویانە سەبر تاڵە بەس بەرەکەی شیرینە!. لەکۆتایی دا پێت دەڵێم: نائومێد مەبە لە ڕەحم و بەزەیی خوای گەورە چونکە دڵنیابە گەر لە لایەکەوە تاقیت بکاتەوەو دەرگات لێ دابخات ئەوە لەلایەکی ترەوە دەرگای خێرو خۆشیت بۆ دەخاتە سەرپشت و ، ژیانی دوونیاش هەموو شتێکی تێدا بەدەست ناهێنرێت و گەر خوا نیعمەتێکی پێ بەخشین ئەوە دڵنیابن نیعمەتێکی دیکەمان لێ وەردەگرێتەوە، بۆ ئەوەی هەموو هیواو خولیایەکمان نەبەستینەوە بە ژیانی دوونیاوە

پەیامێك بۆ ئەو ئافرەتانەی کەوا بەدوای هاوسەردا دەگەڕێن!.


كه‌ڤه‌ری ماڵپه‌ڕ